رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستپێکردنی پلانێکی ئەمنیی چڕ بۆ رۆژانی جەژن لە بەغدا و پارێزگاکان رایدەگەیێنێت. وەزارەتەکە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی یارییە ئاگرینەکان و تەقەمەنییەکان بەکاردەهێنن و دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاونیشتمانییان و سەلامەتیی خێزان و منداڵان، سزای سەرپێچیکاران دەدەن.
عەقید محەممەد عەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێنماییەکانی حوسێن عەوادی، بریکاری باڵای وەزارەت، مەفرەزەکانی فریاکەوتن و هەوڵە هەواڵگرییەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردووە؛ جەخت لە رێگریکردن لە فرۆشتن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان، تەقەمەنییەکان، گولە ساچمەی ئاسنی و هەموو جۆرە یارییەکی مەترسیدار کراوەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، وەزارەتەکەیان هەوڵ دەدات جەژنی ئەمساڵ بێ رووداو بێت و رێگە بە هیچ کردارێک نادەن کە کەشی جەژن تێک بدات؛ رێکارەکان چاودێریکردنی ئەو سەرپێچییانەش دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە یارییە مەترسیدارەکانەوە هەیە.
عەقید محەممەد عەلی حەسوون باسی لەوەش کرد، پاراستنی منداڵان پێویستی بە چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە هەیە. ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی مەترسییەکانی یارییە ئاگرینەکان و دەمانچە پلاستیکییەکان گرتووەتە ئەستۆ، چونکە لە ساڵانی رابردوودا بوونەتە هۆی برینداربوونی زۆر.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاونیشتمانییان کرد هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بن و رێگری لە منداڵەکانیان بکەن لە بەکارهێنانی ئەو یارییە مەترسیدارانە، جەختیشی کردەوە کە وەزارەت بەردەوام دەبێت لە سزادانی سەرپێچیکاران و برەودان بە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و گوتی: "هەر حاڵەتێکی نامۆتان تێبینی کرد، راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی بێبەرامبەری 911ی وەزارەتەوە بکەن."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تەنیا لە شەوی سەری ساڵی 2026دا، زیاتر لە 500 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و تەقەمەنییەکانەوە بریندار بوون؛ بۆیە شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە چیدیکە نابێت کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەم دیاردەیە بکرێت.
