رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، بۆ ماوەی 72 کاژێر دۆخی ئامادەیی تەواوی راگەیاند، ئەوەش دوای هۆشدارییەک لەبارەی گەیشتنی شەپۆلێکی لافاو و سێڵاوی بەهێز کە لە سنوورەکانی سووریاییـەوە بەرەو شارۆچکەی قائیم بەڕێوەیە.
سەعد غازی، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشی. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لە پارێزگاکەدا لە هەندێک شوێن زیادەڕۆیی کراوەتە سەر رێڕەوی ئاو، ئەمەش مەترسیی دروست کردووە.
بەگوتەی سەرۆکی لێژنەی ئەمنی، مەترسییەکە زیاتر بۆ سەر قەزای حەدیسە و ناوچەکانی سەرووی حەدیسەیە، بەڵام تەواوی هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر گیانی دانیشتووان دروست نەبێت.
عومەر مەشحان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار، لە نووسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، هۆشداریی داوە لە مەترسیی لافاوێکی گەورە کە لە سووریاییـەوە دێت.
بەپێی فەرمانی پارێزگار، پێویستە تیمە خزمەتگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان بەپەلە لەو ناوچانە بڵاوە بکەن کە نزم و مەترسییان لەسەرە، هەروەها دەبێت ئەو هاووڵاتییانەی ئەگەری هەیە ماڵەکانیان بەر لافاو بکەون، بۆ پاراستنی گیانیان بگوازرێنەوە. هاوکات بڕیاردراوە ئاوی زیادە بەرەو رێڕەوی وەرار ئاراستە بکرێت بۆ ئەوەی گوشاری سەر رووبارەکە کەم بکرێتەوە.
ئەم ئامادەباشییەی ئەنبار دوای ئەوە دێت، دوێنێ دووشەممە وەزارەتی باری نائاسایی سووریایی هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەگەری لافاو لە رووباری فوڕات بەهۆی کردنەوەی دەروازەکانی بەنداوێک، داواشی لە دانیشتووانی دێرەزوور و رەقە کردبوو ماڵ و شوێنەکانی نزیك رووبارەکە چۆڵ بکەن.
لای خۆشیانەوە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئاستی رووباری فوڕات تۆمار نەکراوە، بەڵام هاوئاهەنگیــیان لەگەڵ لایەنی سووریایی بەردەوامە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر زیادبوونێکی ئاستی ئاو وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ زیادکردنی یەدەگی ئاوی عێراق، بەتایبەتی لە بەنداوی حەدیسە کە ساڵی رابردوو بەدەست کەمیی ئاوەوە دەیناڵاند و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخــێکی باشتر.
