رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی بەنزینخانەیەکی کەرکووک کە تێیدا گرژی لەنێوان هاووڵاتییەک و پۆلیسێک دروست دەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە روونکردنەوە دەدات و دەڵێ، هاووڵاتییەکە ویستوویەتی لە دەرەوەی رێنماییەکان بەنزین وەربگرێ و پۆلیسەکەش لێی نەداوە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، هاووڵاتییەک لە نۆرەی وەرگرتنی بەشەبەنزین وێنە دەگرێ و دەڵێ: "کاژێرێکە لە نۆرە وەستاوم". لەو کاتەدا پۆلیسێکی نێو بەنزینخانەکە دەچێتە لای و گرژی دروست دەبێت، هاووڵاتییەکەش دەڵێ: "لێی دام".
موقەدەم ئارام عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی وزەی کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "کەسێک چووەتە بەنزینخانەی شورجە لە کەرکووک و داوای وەرگرتنی بەشەبەنزینی کردووە لە دەرەوەی ئەو رێکارانەی ئێستا پەیڕەودەکرێن، بەڵام کارمەندی بەنزینخانەکە رەتیکردووەتەوە بەنزینی پێبدات، چونکە ئەو کەسە پێشتر بەشەبەنزینی خۆی وەرگرتووە."
بەگوتەی موقەدەم ئارام عەبدوڵڵا، ئەو هاووڵاتییە لەبەرامبەر رەتکردنەوەی داواکارییەکەی، هەوڵی بێزارکردنی کارمەندەکەی داوە و هەڕەشەی لێکردووە کە ئەگەر بەنزینی پێنەدات، وێنەی دەگرێ و بڵاوی دەکاتەوە، هەربۆیە کارمەندی بەنزینخانەکە داوای لە پۆلیس کردووە ئەو کەسە دووربخاتەوە.
سەبارەت بەو گرژییەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی وزەی کەرکووک گوتی: "پۆلیسەکە بە هیچ شێوەیەک لە هاووڵاتییەکەی نەداوە، بەڵکو تەنیا ویستوویەتی مۆبایلەکەی لێ بسێنێت بۆ ئەوەی رێگری لە وێنەگرتنەکە بکات؛"گوتیشی:"وێنەگرتن قەدەخە نییە، بەڵام ئەگەر وێنەگرتنێک ببێتەهۆی نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەکاتی ئەم قەیرانی بەنزینە قەدەخەیە"
ئێستا سکاڵای یاسایی لە بنکەی پۆلیسی عرووبەی کەرکووک دژی ئەو هاووڵاتییە تۆمارکراوە.
موقەدەم ئارام عەبدوڵڵا هۆکاری سکاڵاکەی روونکردەوە و گوتی: "ئەو کەسە لە کاتی هەبوونی تەنگژەی بەنزیندا وێنەی دامەزراوەیەکی حکومی گرتووە و مەبەستی بووە ئاژاوە دروست بکات."
5 رۆژ جارێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق 50 لیتر بەنزین دەدرێتە هاووڵاتی کە لیتری بە 450 دینارە.