رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، تاقیکردنەوەی پۆلی 12 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا یەک کاژێر ئینتەرنێت دەبڕدرێ.
سبەی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بە بەشداری 117 هەزار و 142 قوتابی لە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، لە هەموو رۆژەکای تاقیکردنەوەی پۆلی 12 ئینتەرنێت دەبڕدرێت".
بەگوێرەی خشتەی پەسەندکراوی وەزارەتی گواستنەوە لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە رۆژانەی تاقیکردنەوە بۆ یەک کاژێر و لە کاژێر 06:30 بۆ 07:30ـی بەیانی ئینتەرنێت دەبڕدرێ.
ئەو رۆژانەی ئینتەرنێت دەبڕدرێ ئەمانەن:
تاقیکردنەوەی یەکشەممە، 14-06-2026
تاقیکردنەوەی چوارشەممە، 17-06-2026
تاقیکردنەوەی یەکشەممە، 21-06-2026
- تاقیکردنەوە لە چوارشەممە 24-06-2026
- تاقیکردنەوە لە یەکشەممە 28-06-2026
- تاقیکردنەوە لە چوارشەممە 01-07-2026
- تاقیکردنەوە لە یەکشەممە 05-07-2026
- تاقیکردنەوە لە چوارشەممە 08-07-2026
بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی گواستنەوە بۆ کۆمپانیاکانی گەیاندن، هۆکاری بڕانی ئینتەرنێت لەکاتی بەشێک لە تاقیکردنەوەکان بۆ "بەرژەوەندی گشتیی و کەمکردنەوەی دیاردەی (گزی - غەش)"ـە.
سبەی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابی، چاودێرانی هۆڵەکان و هەموو ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە تاقیکردنەوەکانەوە قەدەخە دەکرێت.
بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، 1,376 سەرپەرشتیار، 12,818 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەری هۆڵ و 2,003 خزمەتگوزار ئەرکیان پێسپێردراوە.
