رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا؛ تێیدا وێڕای تاوتوێکردنی دەرھاویشتە زیانبەخشەکانی شەڕی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ھەرێمی کوردستان و ژێرخانی وزە، جەخت لە پشتیوانیکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مووچە کرایەوە.
ھاوکات بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیی ھەوڵەکانی لیژنەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی ھەرێمی کوردستان دووپات کراوەتەوە.
دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و ھەڤاڵان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمرۆ شەممە ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
کۆبوونەوە دوای ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمشە لەیاد، کۆمەڵێک بابەتی سیاسی، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، پەیوەندییەکان و کاروباری ناوخۆی پارتیمانی خستە خشتەی تەوەرەکانی گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینەوە و، بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویست بوو بڕیار وەرگیرا.
تەوەری یەکەم/ بارودۆخی گشتی؛ لەم تەوەرەدا تیشکخرایە سەر شەڕی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و کاریگەری و دەرھاویشتەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، کە لە چەندین بواردا زیانی بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش کە شەڕ ڕاگیراوە، ھێرشی ھاژەک و دڕۆنی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکی زۆری ھەبووە و دەیان بریندار و شەھید بە ناحەق لە ئاکامی ئەو ھێرشانە بوونەتە قوربانی، ئەوە جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆری ھەبووە و جوڵەی بازرگانیان سست کردووە، ھەروەھا ھێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بۆتە ھۆی ڕاگرتنی بەرھەمھێنانی نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ ھەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکی گەورەیە. ئەم دەرھاویشتانە و بەردەوامی ھێرشەکان بوونەتە ھۆی دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەری کێشەکان لە رێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجی ھەموو لایەکە و ناوچەکە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە چیتر زەیانمەند نابن.
تەوەری دووەم/ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکان، بەڵام بەردەوام ھەوڵمانداوە ھەر کێشە و گرفتێک ھەبێت لە سێبەری دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکرێت، ھەرچەندە کێشەکان کەڵەکەکراون و کەمتر ھەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگای بەردەوامی لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گرتۆتەبەر، بە تایبەتی لە بواری بودجە و شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنی شاند بۆ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری و لادانی کۆسپ و ئاستەنگەکان.
بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی پشتیوانیمان ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوکاری و پشتیوانیکردن بەو ھیوایەی ھەروەکو رێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کراوە، چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچە خۆران لەکاتی خۆیدا رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
شایەنی باسە کۆبوونەوە جەختی لە پشتیوانیکردنی بەرێز عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی کردەوە لەو ھەنگاوانەی دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گێرانەوەی سەروەت و سامانی خەڵکی عێراق بۆ خەزێنەی حکومەت و رێگرتن لە بە فیڕۆدانی سامانی وڵات.
تەوەری سێیەم/ دەستپێشخەریەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە جەژنی قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوونی کوردستانە لەم بارودۆخە ھەستیار و ناسکەی کە ھەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، ھەروەھا ئەو ھەموو ڕووداو و گۆڕانکاریانەی ڕودەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگاری و مەترسی لەگەڵ خۆیان دەھێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەریەی جەنابیانی بەرزنرخاند، کە کێشەکانی لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی دەستپێشخەریەکە لیژنەیەک لە ئاستی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیمان دەستی بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەو چەقبەستنەی تێیکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ئەم دەستپشخەریە و ھەوڵەکان بەردەوامن بەو ھیوایەی ھەموولایەک بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری بارودۆخەکە و گرنگی ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەری ھەنگاو بنێن.
تەوەری چوارەم/ کۆبوونەوە لە ڕوانگەی ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و باوەڕی تەواو بە یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان لە کۆماری عێراقی فیدراڵدا، پشتگیری لە ھەنگاوەکانی بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەروەھا پشتیوانی ھەنگاو و ھەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە ھەموو ڕوێکەوە بەتایبەتی لە بابەتی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەکات، کۆبوونەوە بەباشی زانی بەردەوامی بەم ھەوڵ و ھەنگاوانە بدەن.
تەوەری پێنجەم/ بابەتی ناوخۆی و ڕێکخستنەکانی پارتیمان؛ لەم تەوەرەدا گفتوگۆی پێوست لەبارەی ڕێکخستنەکان و ئەرکی ئۆرگانەکانی پارتیمان کرا، بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لیژنەیەک پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ھەروھا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای کوردستان دیراسەیەکی ھەمەلایەنەی ئەنجامداوە. ئەم دیراسە و، ئەنجام و پێنشنیار و ڕاسپاردەکانی دەبنە نەخشەڕێگای ھەنگاوەکانی داھاتوو و ئەوەی پێویستە ئەنجام دەدرێت.
شایەنی ئاماژەیە، کۆبوونەوە لە کەشێکی حزبی و خەمخۆرانە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان و، جوڵەپێکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان و توندوتۆڵترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییە شیعە و سونەکانی عێراق، بەرێوەچوو.
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
13-06-2026
