رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سووریا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە، "گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکان لە سووریا، رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16-06-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لەگهڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سهرۆكى ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئهنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و دۆخى سووریا و هاريكاريى كورد و ديمهشق تاوتوێ کران."
بەپێی راگەیێندراوەکە، "نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان له سووريا کردەوە."

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، "گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافهكانى كورد و پێكهاتهكان له سووريا، رێگەی چارهسهركردنى كێشهكانه." ههر لهوبارهيهوه سەرۆکی هەرێمی کوردستان "ههموو هاوكارى و پشتگيرييهكى ههرێمى كوردستانى بۆ چارهسهركردنى كێشهكان و پاراستنى ئاسايش و سهقامگيرى نيشان دا."
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک نووسیویەتی، "را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە، بە جەختکردنەوە لەسەر گفتوگۆ، هەماهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەرزکردنەوەی ئاسایش، و پشتگیریکردنی چارەسەرە ئاشتیانەکان."
پەرەپێدانی هاريكارى و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و هێنانەدیی ئاسايش و ئارامييهكى جێگیر لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.