رووداو دیجیتاڵ
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند، هاوڕا بوون لە پشتگیریکردنی عێراقێکی خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران. ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتە گرنگەکانی وزە و ئابووری کرد.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "سوپاسگوزارم بۆ کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق."
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، "یەکدەنگین لە پشتگیریکردنی عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران." ئاماژە بەوەش دەکات، "یەکدەنگین لەسەر دیدگەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی نوێ."
تۆم باراک باس لەوە دەکات، "گفتوگۆکانمان دەرفەتی گرنگیان لە بوارەکانی وزە، ئابووری و رێگەی بەرەوپێشچوونی (پەیوەندییەکانی) نێوان هەولێر و بەغدا پێشخست."
ئەمڕۆ تۆم باراک لە هەولێر بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سهرۆكى ئهمريكا نووسی، "پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. لهمبارهيهوه نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگيريى هەرێمی کوردستان لە حکومەتی بەڕێز عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، کردەوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "ههردوولا كۆك بوون لهسهر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیێنێت."
دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و تۆم باراک بوو، "تیایدا ستايشى رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانيان بۆ کۆتاییهێنان به شەڕ کرد و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا."
