رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی ئەحمەد دەشتی، تێکۆشەر، پێشمەرگەی دێرین و بێژەری ناسراوی رادیۆی دەنگی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خزمەتێکی زۆری بە گەل و وڵاتەکەی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەحمەد دەشتی دەربڕی: "بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، نووسەر و بێژەری دێرینی رادیۆی دەنگی کوردستان، خوالێخۆشبوو ئەحمەد دەشتی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان و هاوڕێیانی دەکەم و هاوخەمیانم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی کۆچکردوو: "خوالێخۆشبوو ئەحمەد دەشتی، تێکۆشەرێکی دڵسۆز بوو، خزمەتێکی زۆری بە گەل و وڵاتەکەی کرد."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی نزا دەکات و دەڵێت: "لە خوای مەزن داواکارم گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت."
کورتەیەک لە ژیان و خەباتی ئەحمەد دەشتی:
- لەدایکبوون: ساڵی 1940 لە شاری هەولێر.
- خەبات و پێشمەرگایەتی: بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە و یەکێک بووە لە تێکۆشەرە دێرینەکان.
- کاروانی راگەیاندن: یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
- رێزلێنان: لەبەرامبەر خەبات و قوربانیدانیدا، هەڵگری (میدالیای بارزانیی نەمر) بوو.
- ژیانی تاراوگە: نیشتەجێی شاری بەرلین بوو و وەک کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا دەناسرا.
