رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی هاونیشتمانییەک کە بە تەنێکی رەق شوخت دەکاتە ئۆتۆمبێلی خەڵک، دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، دیمەنی هاونیشتمانییەک بڵاوکرایەوە لە گەڕەکی ئەندازیارانی شاری هەولێر، بە تەنێکی رەق چەندین ئۆتۆمبێلی خەڵکی گەڕەکەکە دەڕووشێنێت.
هاونیشتمانییەکە بە خێرایی بە گەڕەکەکاندا دەڕوات و هەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێی وەستێنرابێ، لە لایتی پشتەوە بۆ لایتی پێشەوە دەیکیڕێنێت و شوختیان تێدەکات.
تاوەکو ئێستا دیار نییە زیانی بە چەند ئۆتۆمبێل گەیاندووە، بەڵام لە گرتەکەدا دەرکەوتووە کە زیان بە چوار ئۆتۆمبێل دەگەیێنێت.
رووداو پەیوەندیی کرد بە مقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە و لە وەڵامدا گوتی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەو کەسە کردووەتەوە و بەدوایدا دەگەڕێین، دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە."