رووداو دیجیتاڵ
دەیان جووتیارى سنوورى ماددەی 140 لە پارێزگاى نەینەوا کە زەوییەکانیان کەوتووەتە نێوان بازگەى سوپا و سەنگەری پێشمەرگە، رێگەیان پێنادرێت گەنمەکانیان بگوازرێتەوە بۆ مووسڵ، لە کاتێکدا زەوییەکانیان بەشێکن لە پلانى کشتوکاڵى پارێزگاکە، نووسراو ئاراستەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکرێت بۆ چارەسەری ئەو پرسە.
سێشەممە 16ـى حوزەیرانى 2026، غەزوان داوودی، جێگرى پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکى لیژنەى وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى ئەو پارێزگایە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ سایلۆی رۆڤیا دەکرێتەوە کە بەرهەمى گەنمى بەشێکى زۆرى ناوچەکانى سنوورى ماددەی 140ـى نەینەوای تێدا وەردەگیرێت."
ئەو سایلۆیە گەنمى ناوچەکانی شێخان، ئەلقوش و فایدە وەردەگرێت، هەر ئەو سایلۆیە گەنمى پشت سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە حەمدانیە، باشیک و تلکێف وەردەگرێت، بەڵام وەرگرتنى گەنمی بەشێک لە زەوییەکانی نێوان سەنگەری پێشمەرگە و بازگەی سوپای عێراق لە نەینەوا هێشتا چارەسەر نەکراوە؛ نە رێگەیان پێدەدەن بگوێزرێتەوە بۆ سایلۆکانى نەینەوا، نە لە سنووری پلانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیشە تاوەکو بە نرخى فەرمى وەزارەتى بازرگانى وەربگیرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى غەزوان داوودی، کە وەک جێگرى پارێزگاری نەینەوا لە 15ـى حوزەیران ئاراستەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەوای کردووە، داوایان لێدەکات کە ئاسانکارییان بۆ بکەن بۆ گواستنەوەى گەنمی 30 جووتیارى قەزای تلکێف کە ناوەکانیان هاوپێچی نووسراوەکە کراوە.
غەزوان داوودی گوتى: "بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆببینەوە بۆ چارەسەرى ئەو پرسە، کە نزیکەى شەشە هەزار دۆنەم زەوى دەگرێتەوە و ماڵی خاوەکانیان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەن و زەوییەکانیان لە سنوورى دەسەڵاتى هێزە ئەمنییەکانى عێراقە."
لە 4ـى حوزەیرانەوە وەرگرتنى یەکەم کاروانى گەنم لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا دەستىپێکرد و دواتر بەگوێرەى سایلۆکانى پارێزگاکە لە رۆژانى دواتردا ئەو وەرگرتنە بەردەوام بوو.
رێگەنەدان بە گواستنەوەى ئەو گەنمانە بۆ سایلۆکانى نەینەوا بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە، کە رێگە نادات ئەو بەرهەمە لەنێوان پارێزگاکاندا بگوازرێتەوە، بۆ ئەوەى مافى جووتیارانى پارێزگاکان لە رادەستکردنى گەنم و فرۆشتنى لە بازاڕەکاندا بپارێزرێت.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو زەوییانە لەنێوان بازگەى سوپای عێراق و سەنگەرى پێشمەرگەن و لەنێو پلانى کشتوکاڵى نەینەوان کە دەبێت لەو پارێزگایە وەربگیرێت، بەڵام رێگەیان پێنادرێت بگوازرێنەوە و ناچار دەبن بیبەنە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان و بە نرخى کەمتر بیفرۆشن."
رووداو بەڵگەنامەى زەوى یەکێک لەو جووتیارە کوردانەى سنوورى ناحیەى نەمروودی دەستکەوتووە، کە رێگەیان پێنەداوە گەنمەکەی بگوازرێتەوە، کە 120 دۆنمە و لە ناو پلانى کشتوکاڵیدایە و دەبوو 108 تۆن گەنمى لێ وەربگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، قایمقامیەتی قەزای تلکێف روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کێشەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو رێوشوێنەی گیراوەتەبەر لەبارەی رێگری لە گواستنەوەی گەنم، بڕیارێکی خۆجێیی ئەوان نەبووە، بەڵکو بەگوێرەی بڕیارێکە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەریانکردووە.
قایمقامیەتی قەزای تلکێف لەگەڵ روونکردنەوەیەکدا، نووسراوێکی حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراقی بڵاوکردووەتەوە، کە لە 14ى حوزەیران دەریکردووە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە رێکاری تووند لە بازگەکان بگیرێتەبەر بۆ رێگری لە چوونە دەرەوە یان هاتنە ناوەوەی گەنم بۆ ناو پارێزگای نەینەوا بە هەر هۆکارێک بێت.
