رووداو دیجیتاڵ
دوای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانی بۆ قۆناخی 12ی ئامادەیی (بەشی زانستی) لە رۆژی یەکشەممەدا، ناڕەزایەتی و گومانێکی زۆر لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە لەسەر چەند پرسیارێک دروستبووە. خوێندکاران دەڵێن، وەڵامە بڵاوکراوەکانی وەزارەت لەگەڵ دەقی کتێبەکەدا یەکناگرنەوە.
خوێندکاران: مافمان دەفەوتێت و وەڵامەکان هاوتای کتێب نین
چەند خوێندکارێکی پۆلی 12ی زانستی، پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کردووە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە. بە گوتەی خوێندکاران، پرسیارەکانی ژمارە 18، 24 و 39 لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەزانیدا کێشەی زانستییان تێدایە و زیاتر لە وەڵامێکی راستیان هەیە، یان ئەو وەڵامەی وەزارەتی پەروەردە وەک وەڵامی راست دەستنیشانی کردووە، پێچەوانەی دەقی نێو کتێبی خوێندنە.
خوێندکاران داوا دەکەن بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکە چارەسەر بکەن، تاوەکو چیدیکە ماف و ماندووبوونیان نەفەوتێت.
وەزارەتی پەروەردە: ئەگەر وەڵامەکان هەڵە بن، قەرەبووی خوێندکاران دەکەینەوە
لە بەرامبەردا د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، پرسیارەکان لە رێگەی "بانکی پرسیارەکان"ەوە لە سەرانسەری کوردستان لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕەوە دادەنرێن و چەندین قۆناخی وردبینییش دەبڕن، بەڵام پشتڕاستی کردەوە، ئاگاداری بوونی گومانن لەسەر ئەو 3 پرسیارە.
د. سەیوان فەرەج گوتیشی، "ئێمە چەند مامۆستایەکی پسپۆڕ لە هەولێر و سلێمانییەوە رادەسپێرین بۆ ئەوەی دووبارە بە وردی پێداچوونەوە بەو پرسیارانەدا بکەنەوە. ئەگەر بۆمان سەلمێندرا کە وەڵامەکانی وەزارەت هەڵەن، بێگومان پێداچوونەوە دەکەین؛ یان پرسیارەکان یانیش وەڵامەکان بەو شێوازە دەگۆڕین کە لە بەرژەوەندیی خوێندکاراندا بێت و قەرەبوویان دەکەینەوە."
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکان دڵنیایی دایە خوێندکاران و رایگەیاند، "دەزانین گرفتێکی لەو شێوەیە هەیە، هەر بۆیە ئەمشەو کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدەین و قسەی لەسەر دەکەین، بۆئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت."
