رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گەرمای هاوین، قەیرانی کەمئاوی بەرۆکی دانیشتووانی گوندی بنەسڵاوەی بچووکی لە سنووری پارێزگای هەولێر گرتووە. نزیکەی 11 رۆژە دابەشکردنی ئاو لەو ناوچەیە بە تەواوی پەکیکەوتووە و دانیشتووانەکەی ناچارن بە پارە ئاو بکڕن، فەرمانگەی ئاویش هۆکاری کێشەکە بۆ خراپیی دۆخی کارەبا دەگەڕێنێتەوە.
هاونیشتمانییەک: لە 11 رۆژدا 3 جار ئاومان کڕیوە
سەردار عوسمان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی بنەسڵاوەی بچووکە، لەبارەی گرفتەکەیان بە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "گوندەکەمان نزیکەی 700 بۆ 800 ماڵ دەبێت، بەڵام ماوەی 11 رۆژە ئاومان بەسەردا دابەش نەکراوە. هەموو هێڵەکان و ماڵەکان کێشەیان هەیە و خەڵکەکە هەمووی رووی لە کڕینی ئاوی تانکەر کردووە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، کڕینی ئاو بارگرانییەکی دارایی زۆری بۆ دروست کردوون و گوتی، "پڕکردنەوەی 2 تانکی سەربان 15 بۆ 20 هەزار دیناری تێدەچێت کە تەنیا بەشی 2 رۆژ دەکات، ئێستا ئاوی تانکەریش بە زەحمەت دەست دەکەوێت. ئێمە لەم ماوەیەدا 3 جار ئاومان کڕیوە و نزیکەی 60 هەزار دینارمان داوە، کاتێکیش سەردانی فەرمانگەی ئاو دەکەین، تەنیا دەڵێن کێشەی کارەبامان هەیە." بە گوتەی سەردار، سەرچاوەی ئاوی گەڕەکەکەیان لە رێگەی 3 بیری ئاوەوە دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئاوی قوشتەپە: کێشەکە تەنیا کارەبایە؛ پڕۆژەیەکی ستراتیژیش لەڕێیە
پشتیوان رەحمان، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری (کە گوندی بنەسڵاوەی بچووک دەکەوێتە سنووری فەرمانگەکەیانەوە)، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "سەرچاوەی ئاوی گوندی بنەسڵاوەی بچووک تەنیا بیرە. هۆکاری سەرەکیی بێئاوییەکەش بۆ خراپبوونی دۆخی کارەبا دەگەڕێتەوە؛ کارەبا کەم بووەتەوە و کارەبای پێویست نییە بۆ ئەوەی بیرەکان بە تەواوی کار پێ بکەین، ئەگەر کارەبا 24 کاژێری بێت هیچ کێشەیەکی ئاومان نامێنێت."
سەبارەت بە چارەسەری بەپەلە بۆ هاووڵاتییان، پشتیوان رەحمان روونی کردەوە، "ئێمە چاوەڕێ دەکەین، ئەگەر لە سبەی و دوو سبەی کارەبا چاک نەبێتەوە، ئەوا ناچارین لە رێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەو گوندە دابین بکەین تاوەکو کێشەکەیان سووک بێت."
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قوشتەپە موژدەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایەنی پێدان و ئاشکرای کرد، "بەرنامەیەکی باشمان هەیە و رەزامەندیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە دراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی پڕۆژەی 'ئاوی ئیفرازی خێرا'ی هەولێرەوە، تۆڕی ئاو بگەیێنینە گوندی بنەسڵاوەی بچووک، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کاتی دەوێت و بەم نزیکانە تەواو نابێت و چیدیکە بوار بۆ دواخستنی چارەسەرەکان نادەین."
