رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندێکی باڵای وڵاتەکەیان بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوێت بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئەمریکا بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان؛ ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکان دووبارە لە تەنگەی هورمز گەیشتوونەتەوە لووتکە. رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کتوپڕ داخستنەوەی تەنگەی هورمز و راگرتنی هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی دەریایی تێیدا راگەیاند. ئەم بڕیارە کەمتر لە کاژێرێک پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هات بۆ ناردنی شاندەکەی بۆ سویسرا. ئەو تەنگەیە، کە رێڕۆیەکی گرنگی گواستنەوەی نەوت و گازە، لە زۆربەی کاتەکانی جەنگدا لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆ درابوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شڵەژان لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا. ئێران بەپێی رێککەوتنە بەراییەکەی لەگەڵ ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی تەنگەکە نیشان دابوو، لە چەند رۆژی رابردووشدا هاتووچۆی کەشتییەکان ئاسایی ببوونەوە. قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری داخستنەوەی تەنگەکەی بۆ "پەیمانشکێنیی ئاشکرای ئەمریکا بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ" گەڕاندەوە. بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا بۆ هەردوو وڵات (ئێران و لوبنان) و هاوپەیمانەکانیان دەکات. بڕگەکە بە روونی ململانێی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە لوبنانیش دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەم راگەیێندراوە تووندەی ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەستبەجێ کاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا "هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە نیشانی بدات ئێران تەنگەی هورمزی داخستبێت،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتن هێشتا دەیەوێت دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات. لوبنان؛ گرێکوێرەی رێککەوتنەکە تاران جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەکە، کە تایبەتە بە ئاگربەستی گشتگیر، گرنگترین بەشە، بەڵام ئەمریکا نەیتوانیوە ئیسرائیل ناچار بکات هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رابگرێت. قەرارگەی خاتەمولئەنبیا راشیگەیاند: "ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن رژێمی زایۆنی لە باشووری لوبنان، کۆمەڵکوژیی دڕندانە، ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و نەکشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان لەو خاکە." وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل "پێشێلکارییەکی روونی ئاگربەستە." ئێران هۆشدارییەکی تووندی داوەتە ئیدارەی ترەمپ و داوای کردووە واشنتن لە جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەکە پەلە بکات، ئەگەر نا رووبەڕووی "کێشە و گرفتی گەورە" دەبێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە لێکتێگەیشتنێکمان واژۆ نەکردووە کە جێبەجێ نەکرێت؛ بنەمای کارکردنی ئێمە 'پابەندی بەرامبەر پابەندییە'." سەبارەت بەو بەندانەی کە پێشتر جێبەجێ کرابوون، تاران پشتڕاستی کردەوە کە پرۆسەی لادانی گەمارۆ دەریاییەکان و کردنەوەی سەرەتایی تەنگەی هورمز بەپێی یاداشتنامەکە بەڕێوەچووە، بەڵام پێشێلکارییەکانی لوبنان هەموو پرۆسەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر شاندە ئێرانییەکەن لە سویسرا، کە ئایا دەتوانن لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا بگەنە چارەسەرێکی ناوەندی بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، یان بڕیارەکەی سوپای پاسداران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانەوەی گەڕێکی نوێی جەنگ لە ناوچەکەدا. بەردەوامی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رۆژی شەممە، هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی نوێیان لە باشووری لوبنان ئەنجام دا؛ ئەوەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگربەستێکی نوێی لەو ناوچەیە راگەیاندبوو. بەردەوامیی ململانێکان گوشاری خستووەتە سەر ئەو رێککەوتنەی کە ئەم هەفتەیە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، هاوتا ئێرانییەکەی بۆ راگرتنی جەنگی ناوچەیی لە هەموو بەرەکاندا واژۆ کرا، کە لوبنانیش دەگرێتەوە؛ ئەوەش داواکارییەکی سەرەکیی تاران بوو. پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگربەستێکی نوێی لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر راگەیاند؛ باڵیۆزی ئیسرائیلیش لە واشنتن گوتی وڵاتەکەی رێز لە ئاگربەستەکە دەگرێت ئەگەر حیزبوڵڵا پابەندی بێت. بەڵام رۆژی شەممە بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند کە هێرشی نوێیان بۆ سەر ئەو گرووپەی سەر بە ئێران ئەنجام داوە؛ ئیسرائیل ئەو گرووپە تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ماوەی شەودا "زیاتر لە 50 مووشەکیان ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردووە." حیزبوڵڵا رایگەیاند ئیسرائیل "لە ژێر پەردەی ئاگربەستدا، هەوڵێکی دزەکردنی بۆ سەر گردەکانی عەلی تاهیر" ئەنجام داوە، کە ناوچەیەکی ستراتیژییە و دەڕوانێتە سەر شاری نەباتیە؛ گوتیشی چەکدارەکانیان بە "چەکی گونجاو" بەرپەرچیان داونەتەوە. میدیا فەرمییەکانی لوبنان هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلیان بۆ سەر نزیکەی 20 شوێن بڵاوکردەوە؛ دەزگای بەرگریی شارستانیی وڵاتەکەش رایگەیاند کە 16 کەس لە ناوچەی نەباتیە کوژراون. هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی 13 کەسی دیکەی بەهۆی هێرشێک بۆ سەر گوندێکی نزیک شاری سەیدا راگەیاند.