رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: سەردانی شاندی وڵاتەکەی بۆ سویسرا تەنیا بە مەبەستی گوشار خستنە سەر لایەنی بەرانبەرە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.
رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند:"بڕیاربوو سەردانی شاندی ئێران رۆژی هەینی بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆککۆماری هەردوو وڵات بە شێوەی دیجیتاڵی یاداشتنامەکەیان واژۆ کردووە، چیدیکە پێویستی بە پەلەکردن لە کۆبوونەوەکە نەدەکرد."
دەستپێکی دانوستاندن
ئیسماعیل بەقایی گوتی: "دانوستانەکان کاتێک دەستپێدەکەن کە بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن، تاران بەهۆی ئەزموونی پێشووی لە "بەڵێن شکێنییەکانی لایەنی بەرانبەر"، زۆر تووند و جیدی دەبێت و گوتیشی: خاڵەکانی یاداشتنامەکە زۆر روونە؛ دانوستاندن بۆ رێککەوتنی کۆتایی تەنیا کاتێک دەستپێدەکات کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ناو بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 10 دەستپێبکات و بەردەوام بێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو دۆخە نابینین."
پرسی جەنگی لوبنان و ئاگربەست
بەقایی رایگەیاند: "گرنگترین بەشی بەڵێنەکان لە بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەکەدا هاتووە کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، بە تایبەتی لە لوبنان."
بەقایی لایەنی بەرانبەری تۆمەتبار کرد بەوەی وەفای بە بەڵێنەکانی نەکردووە و گوتی: "لایەنی بەرانبەر ئەرکی بوو هاوپەیمانەکەی (ئەمریکا)، واتە رژێمی زایۆنی، ناچار بکات ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ بکات، بەڵام ئەمە نەکراوە و ئەوەش پێشێلکردنی راشکاوی تێکتێگەیشتنی ئاگربەستە."
تەنگەی هورمز و گەمارۆی دەریایی
سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرچەندە لەسەر پرسی کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڵێنەکان جێبەجێ کراون، بەڵام جەختی کردەوە کە "یاداشتنامەکە پاکێجێکی تەواوە و ئەگەر بەشێکی جێبەجێ نەکرێت، بەتایبەت بڕگەی یەکەم، ئەوا هەموو یاداشتنامەکە تووشی کێشە دەبێت."
هۆشداریی تاران بە ئەمریکا
ئیسماعیل بەقایی هۆشداری دا کە ئەم رێککەوتنە بەرهەمی چەندین هەفتە دانوستاندنی چڕ و بە پشتوانی "هێز و یەکگرتوویی نیشتمانیی ئێران" هاتووەتە ئاراوە، بۆیە تاران لە جێبەجێکردنی بێدەنگ نابێت. گوتیشی: "بەڵێن بەرانبەر بەڵێنە؛ ئەگەر لایەنی بەرانبەر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پاشەکشە بکات، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بێگومان رێکاری پێویست دەگرێتە بەر."
بەپێی میدیای ئێران، شاندی ئێران بە ناونیشانی (میناب 168) بەرەو سویسرا بەڕێکەوتن.
شاندەکەی ئێران پێکهاتووە لە، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، عەلی باقری یاریدەدەری نێودەوڵەتیی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، عەبدولناسر هیممەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی، حەمید بۆرد جێگری وەزیری نەوت و سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، هەروەها کازم غەریبئابادی و ئیسماعیل بەقایی یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە."