رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەرەوەی (هێڵی زەرد) لە باشووری لوبنان خەریکی ئۆپەراسیۆنن. هێڵی زەرد بە قووڵایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە نێو خاکی لوبنانەوە.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، بەرپرسە سەربازییەکە پشتڕاستیکردەوە و رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئامانجدار لە دەرەوەی هێڵی بەرگری، کار بۆ لابردنی هەڕەشە راستەوخۆکان دەکات لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل."
بەرپرسەکە گوتیشی: "ناتوانرێت وردەکاریی تایبەت سەبارەت بە شوێنی سەربازەکان ئاشکرا بکرێت."
هێڵی زەرد ئەو هێڵەیە کە سوپای ئیسرائیل خۆی رایگەیاند و دیاریکرد. لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هەیە، بەڵام تەقە و بۆردوومان هەر هەبووە.
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکان ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لە باکووری هێڵی زەرد دەستپێکردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشەیەی کە درۆنەکانی حیزبوڵڵا دروستیان کردووە.
رۆژی سێشەممە، دوای هۆشدارییەکی چۆڵکردنی ئیسرائیل، شاری نەبەتیەی باشووری لوبنان کەوتە بەر چەندین هێرش، ئەمە رۆژێک دوای ئەوەی لانیکەم 11 کەس لە هێرشێکدا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کوژران.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، رووبەڕووی ئەو هێزە ئیسرائیلیانە بووەتەوە کە هەوڵیانداوە پێشڕەوی بکەن بۆ نێو شارۆچکەیەک کە دەڕوانێتە سەر شارەکە.
