رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەخت لە چڕترکردنەوەی هێرشەکانیان بۆسەر لوبنان دەکاتەوە. حیزبوڵڵاش دەڵێت، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
بینیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە 26-05-2026 رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنانی چڕتر دەکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێک لە مەرجە سەرکییەکانی ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا، راگرتنی شەڕە لەسەرجەم بەرەکان، بەتایبەت لە لوبنان.
لە کاتێکدا هێزی سەربازیی ئیسرائیل پێشتر لە ناو خاکی لوبناندا جێگیر بووە، نەتەنیاهوو گوتی ئیسرائیل، "ناوچەی ئارام"ی خۆی لە خاکی لوبنان فراوانتر دەکات.
نەتەنیاهوو گوتی، "بە فەرمانی خۆم و فەرمانی وەزیری بەرگری، لەگەڵ سەرکردایەتی ستافی سوپادا، ئێمە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە لوبنان چڕتر دەکەینەوە."
سوپای ئیسرائیل دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی سەربازی لە سەرانسەری لوبنان، لە هەمان کاتدا هێزەکان پێشڕەوی زیاتر لە ناو وڵاتەکەدا دەکەن.
دەستەی چەکداری حیزبوڵڵا چەند بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.
