رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی مەکسیک، یەکێک لە وڵاتانی میواندار، دەستپێکی مۆندیالی 2026ـی بە سەرکەوتنێکی گرنگ دەستپێکرد و توانی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور بباتەوە.
شەوی پێنجشەممە، لە یاریگەی ئازتیکا و لەنێو ئاپۆرەی هاندەراندا، مەکسیکییەکان هەر لە سەرەتاوە بە هێرشبەرانە دەستیان پێکرد. لە خولەکی 5دا راول خیمێنێز نزیک بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن، بەڵام ویلیامزی گۆڵپارێزی ئەفریقای باشوور رێگری لێکرد.
گوشارەکانی مەکسیک زۆری نەخایاند و لە خولەکی 9دا، جولیان کۆینۆێس توانی تۆڕی گۆڵی ئەفریقای باشوور بهەژێنێت و یەکەم گۆڵی پاڵەوانێتییەکە تۆمار بکات. هەرچەندە ئەفریقای باشوور هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دا، بەڵام گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی مەکسیک کۆتایی هات.
لە سەرەتای گێمی دووەمدا، کارەکان بۆ میوانەکان قورستر بوون، کاتێک لە خولەکی 49ـدا یایا سیتۆل بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. مەکسیک سوودی لە کەمیی یاریزانانی بەرامبەر وەرگرت و لە خولەکی 67دا، راول خیمێنێز بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد.
کۆتایییەکانی یارییەکە پڕ بوون لە گرژی و کارت، کاتێک لە خولەکی 84دا زوانی لە ئەفریقای باشوور بە کارتی سوور دەرکرا و تیپەکەی بە نۆ یاریزان هێشتەوە. پێش فیکەی کۆتاییش و لە خولەکی 90+2، سیزار مۆنتیس لە مەکسیک ئەویش بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و مەکسیک سێ خاڵی گرنگی لە کۆمەڵەی یەکەمدا دەستەبەر کرد، کە کۆریای باشوور و چیکیش لە هەمان کۆمەڵەدا ململانێ دەکەن.

