رووداو دیجیتاڵ
دیکلان رایس، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەڵێ گەرمای ئەمریکا پێستی دەستەکانی ئەویان سووتاندووە و یاریزانان، پێویستیان بەوە هەیە کاری زۆر بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ کەشوهەوای گەرمی مۆندیال بگونجێنن.
رایس بۆ ماوەی 63 خولەک بەشداریی یاریی دۆستانەی نێوان ئینگلتەرا و کۆستاریکای کرد، پاشئەوەی لە دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، چەند رۆژێک پشوویان پێدرا.
دوای یارییەکە، رایس باسی گەرمای ئەمریکای کردووە و دەڵێ، "گەرما تاقەتپڕوکێن بوو، پێموایە هەمووان وێنەکانی ئێمەیان بینی، بینیتان من چۆن سووربوومەتەوە، دایکم تەلەفۆنی بۆ کردم و هەڕەشەی بەتووندی هۆشداری دامێ لەوەی ئاگام لەخۆم بێت".
ئەو زیاتر دەڵێ، "لە رۆژی یەکەمەوە کە هاتین، بابەتەکە پەیوەندی بەخۆگونجاندن لەگەڵ گەرما هەبوو، ئێمە لە ئینگلتەراوە هاتووین و کەشەکە بۆ ئێمە گەرمە، چونکە کەشی لای خۆمان سارد و باراناوییە، هەموو جۆرە کەشێکمان هەیە، کەچی لێرە یەکسەر کەوتین بەسەر کەشێکی گەرمدا، بەڕاستی گەرمای ئێرە وەک شەقازلەیەک وایە لە دەمووچاوت بدرێت.
رایس باسی زۆر کێشەی کردووە لە کاتی گەیشتن بە مۆندیال، ئەو دەڵێ، چووینە ژووری هوتێل و کەشەکە هەتاو بوو، ویستمان سەرخەوێک بشکێنین، بەڵام یەکسەر لەخۆمم پرسی، لێرە چی روودەدات؟ راهێنەر گوتی، ئیتر خۆتان لەگەڵ ئەم شتانە رابهێنن، ئەمە ئەو شتەیە کە لێرە رووبەڕووی دەبنەوە، لێرە دەبێ رابێیت لەسەرئەوەی یاریی رادەوەستێت و دەستپێدەکاتەوە.
رایس زیاتر روونکردنەوەی داوە و دەڵێ، "لە یارییەکاندا پێشبینیکراوە هەورەبرووسکە و زریان هەڵبکەن، ئیدی ئەوکات لەوانەیە لە خولەکی 65 یارییەکەدابیت و ناچاربیت بەپەلە یاریگا بەجێبهێڵیت".
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی ئەمساڵ لە کۆمەڵەی دوانزەی پاڵەوانێتییەکە یارییدەکات و رۆژی چواشەممە یەکەم یاریی خۆی بەرامبەر کرواتیا ئەنجامدەدات، بەرلەوەی دواتر رووبەڕووی گانا ببێتەوە و لە کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانیش بەرامبەر پەنەما یاریی بکات.

