رووداو دیجیتاڵ
سەدان کەس لە کەسووکاری بێسەروشوێنکراوان، لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2026 لە مەکسیکۆ چوونە سەر شەقامەکان و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا روویدا.
خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی کەسوکارەکانیان رژانە سەر شەقامەکان و ماوەیەکی زۆر قەرەباڵخییەکی زۆریان لەسەر رێگەی سەرەکی یاریگای ئازتێکا دروستکرد، بە ئامانجی ئەوەی سوود لە سەرنجی مۆندیال وەربگرن بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ قەیرانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکە رابکێشن.
خۆپێشاندەران لە سەر شەقامەکان بەیەکەوە دروشمی مەکسیک پاڵەوانی بێسەروشوێنکردن دەگوتەوە.
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 کەس لە مەکسیک بە هۆکاری نادیار بێسەروشوێنن و کەسوکارەکانیان داوای دۆزینەوەیان دەکەن و دەستەڵاتی وڵاتەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن.
بەشێکی خۆپێشاندەران رووخساریان داپۆشیبوو و بە بەرد هێرشیانکردە سەر پۆلیس، پۆلیسیش بە گازی فرمێسک رێژ و بۆمبی دەنگی بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد.
بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر مۆندیال نەبێت، سەتان پۆلیس لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکرابوو و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولادا روویدا و هێزە ئاسایشپارێزەکان بە پەڕژین ویستیان رێگری لە گرژییەکان بکەن.

