رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید بەردەوامە لە چالاکییە چڕەکانی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، و یانەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ تەواوکردنی گرێبەستێکی نوێی گەورە بە گواستنەوەی روبن دیازی بەرگریکاری پۆرتوگالی لە مانچێستەر سیتییەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەردایە بۆ بەهێزکردنی هێڵی دواوە بۆ وەرزی داهاتوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، دیاز لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید نزیک بووەتەوە، دوای ئەوەی ئارەزووی خۆی بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە دەرەوەی خولی نایابی ئینگلیزی دەربڕیوە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە کە یاریزانەکە، کە خۆرخێ مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانییەتی، بەفەرمی داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەو دەستەوارانە بکرێت کە پێشکەشی کراون؛ لەکاتێکدا مانچێستەر سیتی ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە دوای ئەوەی هێرمان مالۆنگای بەرگریکاری لاوی لە پاریس سانجێرمانەوە کڕیوە.
دیاز لە ساڵی 2020 لە یانەی بێنفیکاوە بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد و لەو کاتەوە ئاستێکی بەرگریی ناوازەی پێشکەش کردووە کە کردوویەتی بە یەکێک لە دیارترین بەرگریکارەکانی ئەورووپا.
بەڵام رۆیشتنی پێپ گواردیۆلای راهێنەر لەم هاوینەدا، وای لە یاریزانەکە کردووە بیر لە کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشیی خۆی لە ئینگلتەرا بکاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ ئارەزووی یانەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گڤاردیۆلی بەرگریکاری کرواتی تاوەکو ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە هێڵی بەرگریدا.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی گرێبەستەکە دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا ریال مەدرید هەوڵ دەدات سوود لە دۆخەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی بە نرخێکی گونجاو گرێبەستەکە تەواو بکات.
گرنگیپێدانی مۆرینیۆ بە دیاز دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رودیگێر و هاتنی کۆناتی دێت؛ چونکە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێیوایە تیپەکە پێویستی بە بەرگریکارێکی دیکە هەیە کە خاوەن ئەزموونێکی نێودەوڵەتی و جێگیریی تاکتیکی بێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی متمانە بە 'هاوسن'ـی لاو.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم گرێبەستە ئەگەر ئەنجام بدرێت، ببێتە هۆی هەندێک گۆڕانکاری لەناو تیپەکەدا، کە گرنگترینیان رۆیشتنی مارکۆ ئاسێنسۆ و فران گارسیا دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی یانەکە بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پێکهاتەکە و کۆکردنەوەی پارەی پێویست.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی گفتوگۆکان لە قۆناخە کۆتاییەکان، وا دیارە ریال مەدرید دوا دەستکارییەکانی یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی بەرگری لە بازاڕی ئێستادا دەکات، کە پێشتر رایگەیاندووە گرێبەستی لەگەڵ دومفرێس، براهیما کۆناتێ و بێرناردۆ سێلڤا کردووە و بەفەرمیش گرێبەستکردنی لەگەڵ کوکورێیای بەرگریکاری ئیسپانی راگەیاندووە.

