رووداو دیجیتاڵ
ئەیوب بوعەدی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی مەغریب، بایەخی روو لە زیادبوونە لەلایەن یانە گەورەکانی ئەورووپاوە و هەر لە ئێستاوە گەورە یانەکان دەیانەوێت رکابەری بکەن لەسەر بەدەستهێنانای تواناکانی.
تەمەنی بوعەدی 18 ساڵە و تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەی لیلی فەرەنسی هەیە.
نیکۆلۆ شیرا، شارەزای بازاڕی گواستنەوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، یانەکانی ئارسیناڵ، پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن، گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی ئەیوب بوعەدی دەدەن.
شیرا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس روونیکردووەتەوە، یانەی لیل بڕی 70 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ داوا دەکات بۆ ئەوەی رێگە بە رۆیشتنی بوعەدی بدات.
هاوکات تۆڕی talkSPORT بڵاویکردەوە، ئارسیناڵ دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەیوب بوعەدی، کە لە کاتی یەکسانبوونی مەغریب و بەرازیل لە مۆندیالدا بە ئاستەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشا.
هەروەها لیڤەرپوولیش چووەتە نێو گفتوگۆکان لەگەڵ یاریزانەکە، لە کاتێکدا بەرپرسانی چێڵسی لە نزیکەوە چاودێری ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە مەغریبییە دەکەن.
یانەی لیل هیچ پەلەیەکی لە فرۆشتنی یاریزانەکە نییە، هەروەها نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی تەنیا بۆ باشترکردنی مەرجەکان نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی نرخی یاریزانەکە بووە پێش مۆندیال.
یاریزانە مەغریبییەکە لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیال بەرامبەر بەرازیل ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کرد و بووە جێگەی بایەخی میدیای جیهان و هەرزوو یانەکان دەستیان کرد بە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو یاریزانە بەمەبەستی گواستنەوەی بۆ ریزەکانیان.

