رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ مارک کوکورێیای بەرگریکەری باڵی ئیسپانی، راگەیاند.
یانە ئیسپانییەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، "ریال مەدرید و چێڵسی رێکەوتن لەسەر گواستنەوەی مارک کوکورێیا کە تاوەکو 30ی مانگی شەشی 2032 لەگەڵ یانەکەمان دەبێت".
کوکورێیا لەماوەی رابردوودا ناوی بەهەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بەسترابووەوە، بەڵام ریال مەدرید وەکئەوەی سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ کردووە، بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی تەواو کردووە.
راگەیاندنی گرێبەستی کوکورێیا یەکەم گرێبەستی فەرمیی ئەمساڵی یاریزانانە ریال مەدرید ئاشکرای بکات، لە کاتێکدا بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان، ئەو یانەیە گرێبەستی لەگەڵ براهیما کۆناتێ، بێرناردۆ سیلڤا و دینزل دۆمفرێس کردووە، بەڵام هیچکام لەو گرێبەستانەی رانەگەیاندووە.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، کوکورێیا لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆ گرێبەستی لەگەڵ کراوە، لە کاتێکدا یانەکە بڕیاریداوە هەریەکە لە فێرلان مێندی و فران گارسیا کە لە هەمان شوێنی یارییکردنی ئەو یاریزانە یارییدەکەن، بفرۆشێت.
ریال مەدرید لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە و مانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ چوار ساڵی دیکە، جۆزێ مۆرینیۆی بە راهێنەری یانەکە دەستنیشانکرد و ئەو راهێنەرە، بەنیازە گۆڕانکاریی ریشەیی لە تیپەکەدا بکات.

