رووداو دیجیتاڵ
راول ئەسێنسیۆی بەرگریکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێ، گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی ریال مەدرید، جێگای خۆشحاڵییە، دووپاتدەکاتەوە کە ئەو راهێنەرە، رۆحی رکابەریی لە تیپەکەدا دەبوژێنێتەوە.
ئەسێنسیۆ گوتوویەتی بەجۆشوخرۆشە بۆ یارییکردن لەگەڵ ئەو راهێنەرە.
ئەسێنسیۆ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە کە "پڕۆژە نوێیەکەی ریال لەگەڵ مۆرینیۆ سەرنجڕاکێش و وروژێنەرە و من زۆربەتاسەم بۆ دەستپێکردنی".
ئەو هەروەها دەڵێ، "زۆر بچووک بووم کاتێک بینیم مۆرینیۆ چۆن تیپەکەی گۆڕی، رۆحی رکابەریی لە یانەکەدا دروستکرد، تووڕەیی و ویستی گەورە. پێموایە ئەوە ئەو تایبەتمەندییانەن کە وایانکرد من ببمە یاریزان".
لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوەکانەوە، مۆرینیۆ دەڵێ، "بێگومان لەگەڵ مۆرینیۆ ریال مەدرید لالیگای بە 100 خاڵ و 121 گۆڵەوە بەدەستهێنا، ئێمەش دەتوانین ئەوە دووبارە بکەینەوە و با هەوڵ بدەین".
ئەسێنسیۆ لەبارەی ئەگەری چوونی بێرناردۆ سیلڤا بۆ ریال مەدرید دەڵێ، "ئەو زۆرباشە، بێگومان قەڵەمبازێکی بەکوالیتی دەبێت بۆ تیپەکە".
زیاتر گوتوویەتی، "بەباوەشی گەرمەوە پێشوازی لێدەکەین، ئێمە دڵنیاین لەوەی پڕۆژە نوێیەکە، کاری مەزنی تێدا دەبێت".
راول ئەسێنسیۆ تاوەکو ئێستا لەبەردەوامبوونی خۆی لە ریال مەدرید دڵنیا نییە، چونکە وەک سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، مۆرینیۆ کۆناتێی هێناوە و داوای بەرگریکەرێکی دیکەش دەکات، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە ئەو یاریزانە لە تیپەکەی بەڕێ بکات.

