رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پاڵەوانی وەشانی مۆندیالی پێشوو، بە دەستپێکێکی ئاگرین و بە درەوشانەوەی بێوێنەی کاپتنەکەی، لیۆنێل مێسی، یەکەم هەنگاوی لە مۆندیالی 2026 بە سەرکەوتنێکی گەورە نا و پەیامێکی تووندی ئاراستەی رکابەرەکانی کرد.
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی کۆمەڵەی دەیەم لە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی هەڵبژاردەی جەزائیر بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-0 بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی زیندووی تانگۆ، لە تەمەنی 38 ساڵیدا سەلماندی کە تەمەن تەنیا ژمارەیە. مێسی بووە پاڵەوانی یەکەم و هەر سێ گۆڵی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
ئاهەنگی گۆڵەکانی مێسی لە خولەکی 17 بە لێدانێکی موشەکئاسا دەستیپێکرد کە هیچ دەرفەتێکی بۆ لوکا زیدانی گۆڵپارێزی جەزائیر نەهێشتەوە. لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 60، مێسی گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد، پێش ئەوەی لە خولەکی 76دا هاتریکەکەی تەواو بکات و یەکەم هاتریکی ئەم وەشانەی مۆندیال بنووسێتەوە.
یەکسانکردنەوەی ریکۆردە مێژووییەکە بە تۆمارکردنی ئەم سێ گۆڵە، مێسی تەنیا سێ خاڵی بۆ ئەرجەنتین دەستەبەر نەکرد، بەڵکو ناویشی چووە نێو مێژوویەکی نوێوە. لیۆ ژمارەی گۆڵەکانی لە مێژووی مۆندیالەکاندا گەیاندە 16 گۆڵ، بەوەش ریکۆردە مێژووییەکەی میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی یەکسان کردەوە و بووە گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکە.
