رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایانکردووە، پێویستە شاندی هەڵبژاردەی ئێرانی بەشدار لە مۆندیالی ئەمساڵ، لەماوەی چەند کاژێری کەمی پاش ئەنجامدانی یارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکە، خاکی ئەمریکا بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە مەکسیک.
روونکردنەوەکەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، لە دوای ئەو رەخنانە هاتن کە ئاراستەی وڵاتە میوانداریکەرەکەی مۆندیال کران، بەهۆی مامەڵە لەگەڵ شاندی ئێران و رێوشوێنەکانی ڤیزای یاریزانانی هەڵبژاردەکە.
دوای یەکسانبوونی ئێران بەرامبەر نیوزیلاند لە یەکەم یاریی مۆندیالی ئەمساڵ، ئەمیر قەلعەنویی راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، رەخنەی لە رێوشوێن و مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لە شاندی هەڵبژاردەکەی گرت.
قەلعەنویی دوای یارییەکە رایگەیاندبوو، "گەیشتنی ئێمەیان دواخست، دواتریش ناچارمان دەکەن بەزوویی بگەڕێینەوە".
راهێنەری ئێران ئاشکرایکردووە، بەپێی رێکەوتنی پێشتر لەگەڵ فیفا، هەڵبژاردەی ئێران دەبوو ئێوارەی هەمان رۆژی یارییەکە، بگەڕێتەوە مەکسیک، نەک ناچاربکرێت دوای یارییەکە، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.
راهێنەری ئێران وایدانابوو کە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، چەوساوەترینی مۆندیالە و گوتبووی، ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی ئێمە قورستر دەکەن، هەروەها رێگریی زیاترمان لێدەکەن، بەڵام ئێمە ناهێڵین ئەوە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەوپەڕی توانای خۆمان پێشان نەدەین.
رەخنە لە بەرپرسانی ئەمریکا گیرا بەهۆی ئەوەی رێگەیان نەدابوو، شاندی ئێران دوای یارییەکەی نیوزیلاند رۆژێک پشوو لەسەر خاکی ئەمریکا بەسەرببات، لەپێناو شیاندنەوەی دۆخی جەستەیی یاریزانەکانی.
ئاندرۆ جولیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی کۆشکی سپی بۆ مۆندیال رایگەیاندووە، "ئێمە پێشتر رامانگەیاندبوو کە رێوشوێنەکان بەو شێوەیە دەبن".
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێ، "هەندیک لە ئەندامانی شاندی ئێران و بەرپرسانی تیپەکە رێگەی چوونە نێو خاکی ئەمریکایان پێنەدراوە، لە کاتێکدا سەرجەم یاریزانان ڤیزای ئەمریکایان وەرگرترووە".
ئەو دەڵێ، "ئێمە پێشتر ئاشکرامانکردووە کە رێگە بەشاندی هەڵبژاردەی ئێران دەدرێت، رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەی بێتە نێو خاکی ئەمریکا و دوای تەواوبوونی یارییەکەیان، دەبێ دەستبەجێ ئەمریکا بەجێبهێڵن".
بۆ ئارامکردنەوەی ئەو دۆخە و دووپاتکردنەوەی پشتگیریی فیفا بۆ هەڵبژاردەی ئێرانی بەشدار لە مۆندیال، جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا سەردانی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ئێرانی کرد و پشتگیریی کردن و گوتی "سوپاستاندەکەم کە ئێوە لێرەن".
پێشتر بڕیاربوو هەڵبژاردەی ئێران کەمپی مەشقەکانی خۆی لەسەر خاکی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام بە رێکەوتن لەگەڵ فیفا، کەمپی هەڵبژاردەکە گواسترایەوە مەکسیک و شاندی ئێران، تەنیا بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی، دەچێتە نێو ئەمریکا و دواتر دەگەڕێتەوە.

