رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گرێبەستکردنی لەگەڵ بێرناردۆ سێلڤای ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی بۆ ماوەی دوو ساڵ راگەیاند.
یانە ئیسپانییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی، بێرناردۆ سێلڤا بۆ ماوەی دوو وەرز، گرێبەستی لەگەڵ یانەکەمان کردووە.
سێلڤا لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ، رۆیشتنی خۆی لە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی راگەیاند.
سێلڤا بەگرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بەیانە ئیسپانییەکەوە دەکات، پاش کاروانێکی سەرنجڕاکێش و پڕ دەستکەوت لەگەڵ سیتی.
سێلڤای 31 ساڵان، لەماوەی رابردوودا و بەپێی میدیای ئیسپانیا، نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا، بەڵام لەناکاو دەنگۆکانی نزیکیی ئەو یاریزانە لە ریال مەدرید سەریانهەڵدا.
سێلڤا دەبێتە دووەم گرێبەستی فەرمیی ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا، پاشئەوەی یانەکە دوو رۆژ لەمەوپێش، گرێبەستکردنی لەگەڵ مارک کوکورێیای بەرگریکەری باڵی ئیسپانی راگەیاند.
گرێبەستی سێلڤا لەگەڵ ریال مەدرید، وەکئەوەی سەرچاوەکان باسیدەکەن، لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری نوێی یانەکەیە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەراهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرا.
مۆرینیۆ بڕیاریداوە پێداچوونەوەی تەواو بەپێکهاتەی یانەکەدا بکات و گۆڕانکاریی ریشەیی لە تیپەکەدا بکات.
وەک سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید رێکەوتنی زارەکی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هەریەکە لە دینزل دۆمفرێس و براهیما کۆناتێش کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەفەرمی گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە رادەگەیەنێت.
سێلڤا یەکێکە لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی لیستی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ مۆندیال، کە بڕیارە کاژێر 20:00 ی ئەمڕۆ یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە، بەرامبەر کۆنگۆ ئەنجام بدات.

