رووداو دیجیتاڵ
بۆ زۆر کەس لە جیهاندا، ئەمڕۆ مۆندیال دەستپێدەکات، ئەمڕۆ هەمووان چاوەڕێی دەرکەوتنی ئەستێرەیەک دەکەن، زۆرن ئەوانەی پێیانوایە ئەمە مۆندیالی ئەوە و دوایین هەلە، ئەو کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
کاژێر 20:00 مۆندیال بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستپێدەکات، پۆرتوگال یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆماری کۆنگۆ یاریی دەکات، کریستیانۆ و هاوڕێکانی ئامادەن بۆ ئەوەی بەهێزەوە بچنە نێو رکابەرییەکە و یەکەم بردنەوە لە مۆندیالدا تۆماربکەن.
پۆرتوگال لە پاڵم بیچ لە فلۆریدا دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، چووەیە هۆستن و لەوێ کاروانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا دەستپێدەکات.
پێش ئەم یارییە بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک رۆبن دیاز، بەرگریکاری هەڵبژاردەکە بە جیا مەشق و راهێنانی ئەنجامدا و بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا نەکرد، بۆیە زەحمەتە لەم یارییەدا یاریی بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە بۆ جاری شەشەم بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکەی بکات بۆ ئەوەی بگەن بە خەونی بردنەوەی نازناوەکە.
رۆناڵدۆ لەم یارییەدا لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی دوو ریکۆردی نوێ تۆماربکات، ببێتە یەکەم یاریزان لە شەش مۆندیالی لەسەریەک گۆڵ تۆماربکات و بە تۆمارکردنی گۆڵێک ریکۆردی ئۆزیبیۆ دەشکێنێت و بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ دەبێتە گۆڵکاری مێژوویی پۆرتوگال لە مۆندیالدا.
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پۆرتوگال پێش یارییەکە گوتی "ئەگەر لە کۆنگۆ ببەیتەوە، شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. ئەگەر تەنیا بە یەک گۆڵ ببەیتەوە، دەبێتە کێشەیەکی گەورە. ئەگەر یەکسان بیت، کارەساتە. ئەگەر بدۆڕێیت، ئەوا کۆتایی جیهانە. لە بەرامبەردا، تیپێکت هەیە کە هیچ گوشار و چاوەڕوانییەکیان لەسەر نییە و تەنیا چێژ لەوە دەبینن کە لێرەن؛ ئێمە ئاستی سەرسوڕهێنەرمان لە تیپەکانی وەک قەتەر و کابۆ ڤێردێ بینیوە، ئەو ئاستە نموونەییانەی کە نیشانت دەدەن هیچ یارییەکی ئاسان بوونی نییە."
راهێنەری پۆرتوگال دەڵێت "لە مۆندیالدا، دەتوانیت یارییەکە کەمێک ئاسانتر بکەیت ئەگەر گۆڵی سێیەم تۆمار بکەیت وەک ئەوەی ئەڵمانیا کردی، بەڵام تاکو خولەکی 30 یارییەکی پڕ لە ململانێ بوو. بۆیە، بە تەواوی پێشبینی دەکەین یارییەکی سەخت و پڕ لە هەست و سۆز بێت، منیش دەمەوێت تیپەکەمان لەگەڵ ئەو هەستە ئەرێنییانەی کۆنگۆدا هاوتا بێت."
برونۆ فێرناندێز، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی پۆرتوگال لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "کریستیانۆ رێک لە ساڵی 2006 بۆ یەکەمجار لە مۆندیالدا دەركەوت. هەموومان بە بینینی یاریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەورە بووین. بۆ ئێمە، شانازییەکی گەورەیە کە ئێستا لە هەمان تیپدا و لە تەنیشت ئەو یاری دەکەین. ئەویش بەپەرۆشە، چونکە لە کۆتاییدا ئەویش لە مۆندیالدا یاری دەکات و نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات. دەزانین کاتێک بۆ پورتوگال یاری دەکات چەندە بە جۆش و خرۆش و پڕ لە سۆزە. پێم وایە ئەو زۆر بە پەرۆشە، رێک وەک هەر مۆندیالێکی دیکەی پێشوو کە تێیدا یاریمان کردووە؛ هەموومان لێرەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو و پشتگیریکردنی پورتوگال بۆ ئەوەی تا دوورترین قۆناخی گونجاو بڕۆین."

