رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرتۆ مارتینێزی ئیسپانی، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال رەتیکردەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی پۆرتوگال بە بەرپرسیاری ئەو یەکسانبوونە بێئومێدکەرە دابنێت کە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بەدەستیانهێنا، لە دەستپێکی کاروانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی 2026 و جەختی لەوە کردەوە کردەوە کە گۆڕینی گۆڵکارە مێژووییەکەی تیپەکە لە کاتی یارییەکەدا بژاردە نەبووە. هەروەها گوتیشی "ئەرجەنتینیش لە مۆندیالی رابردوودا لە یەکەم یارییدا دۆڕا".
لەم یارییەدا نەهامەتییەکانی رۆناڵدۆ لە گۆڵ تۆمارکردن لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا بەردەوام بوو، دوای ئەوەی بۆ پێنجەم یاری لەسەریەک لە مۆندیال و دەیەم یاری لەسەریەک لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا (مۆندیال و یۆرۆ) نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات.
هەروەها ئەستێرەکەی یانەی نەسڕی سعودی لە حوزەیرانی 2021ـەوە هیچ گۆڵێکی لە یاریکردنی کراوەدا لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا تۆمار نەکردووە. لە یارییەکەی کۆنگۆشدا تەنیا 3 هەوڵی هەبوو بێ ئەوەی هیچ کامیان لەناو چوارچێوەی گۆڵدا بن، بەمەش بۆ شەشەم جار لە مێژووی خۆیدا لە مۆندیال، یارییەکی بێ هیچ لێدانێکی ناو گۆڵ کۆتایی پێهێنا.
رۆبێرتۆ مارتینێز باسی لەوەش کرد کە یەکسانبوون لە یەکەم یاریی مۆندیالدا کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە کە میدیاکان باسی دەکەن و گوتی "ئەرجەنتینیش لە مۆندیالی رابردوودا لە یەکەم یارییدا دۆڕا و دواتر مۆندیالی بردەوە".
رۆناڵدۆ دوا یاریزانە بیر لە دانیشاندنی بکرێتەوە
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی هۆکاری هێشتنەوەی رۆناڵدۆ لە تەواوی یارییەکەدا سەرەڕای نەبوونی کاریگەری لەسەر هێرشەکان، مارتینێز بە تووندی وەڵامی دایەوە و گوتی "هیچ مانایەکی نییە باشترین گۆڵکاری جیهانی تۆپی پێ لە یاریگا دەربکەیت لە یارییەکدا کە پێویستت بە گۆڵکردن بێت".
ڕۆناڵدۆ گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە بە 143 گۆڵی نێودەوڵەتی، هەروەها 973 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لەگەڵ یانە و هەڵبژاردە تۆمارکردووە و خەون بەوەوە دەبینێت پێش وازهێنانی بگاتە گۆڵی ژمارە 1000.
ئەو یاریزانە تەمەن 41 ساڵانە بوو بە دووەم یاریزان لە مێژوودا کە بەشداری 6 وەشانی جیاوازی مۆندیال بکات لە دوای لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی.
کاپتنەکەی پۆرتوگال هیوای دەخواست بەتەنیا دەستکەوتێکی مێژوویی نوێ تۆمار بکات ئەویش بە گۆڵکردن لە 6 وەشانی جیاوازی مۆندیالدا، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو؛ بەتایبەت کە ئەمە تەنیا یەک رۆژ دوای درەوشانەوەی مێسی دێت کە توانی سێ گۆڵ 'هاتریک' لە تۆڕی هەڵبژاردەی جەزائیر تۆمار بکات.

