رووداو دیجیتاڵ
گورزێکی گەورە، بەر هەڵبژاردەی بەرازیل کەوت و ئەگەری هەیە چیدیکە رافینیا لە مۆندیالدا یاری بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل نەکاتەوە.
لە یاریی دووەمی بەرازیلدا لە مۆندیال بەرامبەر هایتی، رافینیا تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە لە خولەکی 40 گۆڕانکاریی پێکرا، سەرەتا یاریزانەکە لە یاریگا چووە دەرەوە و گەڕایەوە بۆ ژووری جلگۆڕین، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە و لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لەبارەی پێکانەکەوە دەڵێت "رافینیا لە ئەژنۆی راستیدا هەستی بە ئازار کردووە، یاریزانەکە هەر زوو دەستی بە وەرگرتنی چارەسەر کرد بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکەی بکرێت، لە کاتی پێویستدا هەموو گۆڕانکارییەک ئاگادارتان دەکەینەوە".
بەپێی هەواڵی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئەو یاریزانە هەستی بە ئازارێکی زۆر کردووە و ئەگەری هەیە مۆندیال بۆ ئەو کۆتایی بێت، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بەتەواوی ماوەی دوورکەوتنەوەی دیار نییە.
رافینیا لەم وەرزەدا 5 جار تووشی پێکانبووە، هەموو پێکانەکانی لە یەک شوێن بووە. دوایینجار کە یاریزانەکە تووشی پێکانبوو 34 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.
ڤینیسیۆس جونیۆر، یەکەم یاریزان بوو گەیشتە لای رافینیا، کاتێک ئەو یاریزانە تووشی پێکانبوو، دوای یارییەکە دەڵێت "رافینیا تووشی هەمان ئەو پێکانە بووە کە لەم دواییانەدا تووشی بوو، ئەگەر گومانەکان لە پشکنیندا پشتڕاست بکرێتەوە، یاریزانەکە لە مۆندیالدا یاریی ناکاتەوە.
لوکاس پاکێتا، یاریزانی بەرازیل لە بارەی پێکانی ئەو یاریزانەوە گوتی " هەموومان نیگەرانین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو ئەو کەسەیە کە زۆرترین هەستی پێدەکاتت. هیوادارین هیچ شتێکی مەترسیدار نەبێت. دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان بین، بەڵام هەمووان پشتگیری دەکەن و هیوادارن تەنیا شۆکێکی بچووک بێت".
بە دوورکەوتنەوەی رافینیا، هەڵبژاردەی بەرازیل لە هێڵی هێرشبەردا تووشی کێشەی گەورەی دەبێت، بەتایبەت کە یاریزانەکە لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکەیە.

