رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ریال مەدرید هەنگاوێکی نوێیان لە دۆسێیەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەیوب بوەعدی، یاریزانی ناوەڕاستی یانەی لیل و هەڵبژاردەی مەغریب، هاوێشت.
پێشتر و بەر لە دەستپێکی مۆندیالی 2026، چەندین راپۆرت ناوی بوەعدییان بە چەند یانەیەکی خولی نایابی ئینگلیزی و هەروەها ریال مەدرید و پاریس سانجێرمانەوە بەستبووەوە. دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی ئەم ئەستێرەیەی 'شێرەکانی ئەتڵەس' بە یانە شاهانەکەوە دوای ئەوە زیاتر بوون کە بوەعدی لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا، ئاستێکی ناوازەی بەرامبەر بەرازیل پێشکەش کرد.
روبن مارتن، راگەیاندنکاری بەناوبانگ لە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' نووسیویەتی "دوێنێ چەند نوێنەرێکی ریال مەدرید لە بۆستن بوون بۆ بینینی ئەیوب بوەعدی لە یاریی نێوان سکۆتلاند و مەغریب".
بوەعدی سەرکردایەتی مەغریبی کرد بۆ کۆکردنەوەی 4 خاڵ لە دوو گەڕی یەکەمی مۆندیالی 2026، بەمەش مەغریب بەهێزییەوە لە سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو نزیک بووەتەوە.
بەگوێرەی خشتەی یارییەکانی مۆندیالی 2026، بارودۆخی مەغریب بۆ قۆناخی 32 بەمشێوەیە دەبێت:
* ئەگەر وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی سەربکەوێت؛ لە 29ـی ئەم مانگەدا رووبەڕووی دووەمی کۆمەڵەی شەشەم دەبێتەوە، کە (هۆڵەندا، سوێد، ژاپۆن و تونس لەخۆدەگرێت).
* ئەگەر بە پلەی دووەم سەربکەوێت؛ لە 30ـی حوزەیران رووبەڕووی پێشەنگی هەمان کۆمەڵە (کۆمەڵەی شەشەم) دەبێتەوە.

