رووداو دیجیتاڵ لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای رەققە، کارمەندێکی ئاسایش کوژرا و سێی دیکەش بریندار بوون. رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "هێرشێکی تیرۆریستیی رێکخراوی داعش"یان پووچەڵکردووەتەوە کە کرابووە سەر یەکێک لە بارەگاکانی فەرماندەیی ئاسایش لە شاری رەققە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان بە "وریاییەکی زۆرەوە" رووبەڕووی دوو هێرشبەری خۆکوژ بوونەتەوە، توانیویانە یەکێکیان بکوژن، بەڵام خۆکوژی دووەم دوای ئەوەی گەمارۆ دراوە، پشتێنە پڕ لە تەقەمەنییەکەی بە خۆیدا تەقاندووەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراوە و سێ کارمەندی دیکەش بریندار بوون و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.