رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، نزیکبوونەتەوە لە چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە گەورەکانی چەندین دەیەی رابردوو و ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێ شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە کۆتایی پێبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی گرنگیان بڕیوە و پرۆسەکەش خێرا دەکەن.
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتی سەلیمییە لە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بە پێکدادانەکانی ناوچەکە و پێشهاتە جیهانییەکان کرد و رایگەیاند، حکومەتی تورکیا بایەخی تەواو بە سەقامگیری وڵاتەکەی دەدات و لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوامە کە هەڵیبژاردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "لە لێواری چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی 50 ساڵەی وڵاتەکەمانین. دەمانەوێ بەڵای تیرۆر بە هەمیشەیی لەسەر وڵات و ناوچەکەمان لا ببەین. لەمبارەیەوە هەنگاوی گرنگمان بڕیوە و رەوتەکەش خێراتر دەکەین."
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا هێرشی کردە سەر جەهەپە و رایگەیاند، ئۆپۆزیسیۆن رووبەڕووی دۆخێکی نێوخۆیی بووەتەوە و گوتی: "گەل وازی لە کار و کاسبی هێناوە و وەک ئەوەی سەیری فیلمێکی ئەکشن بکات، سەیری جەهەپە دەکات. هەمووان بەدوای ئەوەدان کە لە یەکدی بدەن و تەڵە بۆ یەکدی دەنێنەوە."
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" لەقەڵەم دا. بەو جۆرەش ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکە دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوش کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
