رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پارێزەرانی وان داوایەکی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ رێگەدان بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمرالی. سەندیکاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی دەرفەتەکانی چارەسەری دیموکراسی و بەشداریکردنی دامەزراوە یاساییەکانە لە پرۆسەکەدا.
لە راگەیێندراوەکەدا کە لە هەژماری فەرمی سەندیکاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "وەک سەندیکای پارێزەرانی وان، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی دەرفەتەکانی چارەسەری دیموکراسی و بۆ ئەوەی دامەزراوە یاساییەکان بتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، بۆ دیدار لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان داواکارییەکمان پێشکش بە وەزارەتی داد کرد".
سەندیکاکە جەختی لە گرنگی دیالۆگ و یاسا کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەو بڕوایەوە کە ئاشتی بەردەوام لەسەر بنەمای یاسا، دیالۆگ، مافەکانی مرۆڤ و سازانی کۆمەڵایەتی بونیاد دەنرێ، بەردەوام دەبین لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا".
لە ساڵی 2019 دا بۆ 6 ساڵ دیداری پارێزەران لەگەڵ ئۆجەلان قەدەخەکرا. لە 15ی ئەیلولی 2025 رێگە بە دیداری پارێزەران لەگەڵ ئۆجەلان درا. دوایین دیداری پارێزەران لەگەڵ ئۆجەلان لە 21ی ئایاری 2026 بوو.
