رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ژوورەکانی کشتوکاڵی تورکیا هۆشداری لە کەمبوونەوەی خێرای زەوییە کشتوکاڵییەکان دەدات و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا سێ ملیۆن هێکتار زەویی بەپیت فەوتاوە. ئەوەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست کردووە.
شەمسی بایراکتار، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کشتوکاڵی تورکیا (TZOB) لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی وڵاتەکەی لە 27 ملیۆن هێکتارەوە بۆ 24 ملیۆن هێکتار کەمی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، شارنشینیی بێپلان و فراوانبوونی کەرتەکانی پیشەسازی، گوشارێکی قورسیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دروست کردووە.
بایراکتار جەختی لەوە کردەوە کە ئەم لەدەستچوونە گەورەیە، لەسەر ئاستی درێژخایەن مەترسیی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک دروست دەکات.
جگە لە کەمبوونەوەی رووبەر، بەشێکی زۆری خاکەکە بەهۆی داماڵینی زەوی (داخوران) و بەکارهێنانی نادروستەوە، بەپیتیی خۆی لەدەستداوە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کشتوکاڵی تورکیا داوا دەکات ستراتیژیی "کشتوکاڵی پارێزەر" پەیڕەو بکرێت، کە لە رێگەی کەمکردنەوەی کێڵانی خاک و بەکارهێنانی سیستەمی مۆدێرنی ئاودێری وەک دڵۆپاندن و رشاندن دەبێت.
شەمسی بایراکتار داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات لە کاتی داڕشتنی نەخشەی شارەکاندا، پێشینە بدرێتە ئەو زەوییانەی بەپیتییان کەمە و بە تووندی رێگری بکرێت لە تێکدانی زەوییە سەرەکییەکان و باخەکانی میوە.
پسپۆڕانی ئابووریی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکەن، کەمبوونەوەی زەوییەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا هەبووە. دەشڵێن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و کۆچی بەکۆمەڵ لە گوندەکانەوە بۆ شارە گەورەکان، کەرتی ،کشتوکاڵ لە تورکیا رووبەڕووی پشتگوێخستنێکی زۆر بووەتەوە.
رێکخراوەکانی جووتیاران داوای چاکسازیی ریشەیی لە یاسای پاراستنی خاک و زیادکردنی پاڵپشتییە داراییەکان بۆ بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دەکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە گۆڕینی پێگەی یاسایی زەوییە دەشتاییەکان بۆ ناوچەی پیشەسازی و تەلاری نیشتەجێبوون بگیرێت.
