رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، چاوەڕوان دەکات لە چەند کاژێری داهاتوودا رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز گوتی، دەکرێت لە "دوو بۆ سێ کاژێری داهاتوودا" یان درەنگانی شەوی پێنجشەممە بگەینە رێککەوتن.
لە لایەکی دیکەوە، ترەی یینگست، پەیامنێری فۆکس نیوز دەڵێت، ترەمپ دوابەدوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
بەگوتەی یینگست، ترەمپ داوای لە نەتانیاهوو کردووە هێرشی زیاتر نەکاتە سەر حیزبوڵڵا و ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر کارێکی سەربازیی زیادە، دەکرێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنەکە دەدرێن.
هاوكات یینگست دەشڵێت، ترەمپ بەنیازە داوا لە ئێران بکات وەڵامی هێرشەکان نەداتەوە و هێرشی مووشەکی نەکاتە سەر ئیسرائیل.
تاوەکو ئێستا نە کۆشکی سپی و نە حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هاوکات وردەکارییەکانی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە و دۆخی دانوستاندنەکان هێشتا بە تەواوی روون نین.
.jpg&w=3840&q=75)