رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێران دا، ئەو وڵاتەی ناچار کردووە بێتە سەر مێزی دانوستاندن؛ هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی تەنیا یەک هەفتە دا توانیویانە هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران لەنێو ببەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانەکانی دا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکانی لەگەڵ تاران رایگەیاند: "گەمارۆی دەریایی، ئێرانی پەلکێشی سەر مێزی دانوستاندن کرد."
لەبارەی ئاسایشی دەریاوانی و هاتوچۆی کەشتییەکان لە ناوچەکە دا، ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە جموجووڵی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز زیادیان کردووە و دەڵێت: "700 کەشتی لە تەنگەی هورمز بوون."
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوانیان و هێرشەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ جەخت لە هێزی وڵاتەکەی دەکاتەوە و رایگەیاند: "لە ماوەی هەفتەیەک دا توانیمان هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران لەنێو ببەین."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی داهاتووی دانوستاندنەکان و ئەگەری رێکنەکەوتنیان لەگەڵ تاران، هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەینە رێککەوتن، هەندێک کار دەکەین کە پێی دڵخۆش نابن، بەڵام پێناچێت ئەو کارە بکەین."
