رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رەخنەی تووند لە پڕۆژەی دروستکردنی کەمپی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە دەرەوەی خاکی یەکێتیی ئەورووپا دەگرن.
رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، لە برۆکسل 19 سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پڕۆژەیەکیان واژۆ کرد و تێیدا داوای "بەکارهێنانی تەواو"ی یاسایەکی نوێی ئەورووپییان کرد کە رێگە بە دروستکردنی ئەوە دەدات پێی دەگوترێ "ناوەندەکانی گەڕانەوە". ئەم ناوەندانە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کۆچبەرانە بەکاردێن کە داواکاریی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە.
ئەم هاوپەیمانێتییەی ئەورووپییە کە دانیمارک و ئیتاڵیا سەرکردایەتی دەکەن، دەیەوێ "بە زووترین کات" پەنا بۆ ئەو چارەسەرانە ببات کە لە وڵاتانی سێیەم (دەرەوەی یەکێتییەکە) جێبەجێ دەکرێن. بەپێی یاسا نوێیەکان، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بکەن بۆ ئەوەی پەناخوازە رەتکراوەکان لەوێ نیشتەجێ بکەن.
ململانێ لەسەر 20 ملیار یۆرۆ
ئێستا یەکێتیی ئەورووپا لەنێو مشتومڕدایە بۆ دابینکردنی بودجەی ئەم پڕۆژەیە. کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشنیازی کردووە بڕی تاوەکو 20 ملیار یۆرۆ لە حەوت ساڵدا لە سندووقی هاوکارییە دەرەکییەکان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکرێ.
ماکرۆن و سانچێز پێیان وایە ئەم رێگەیە دژی بەهاکانی ئەورووپایە، پارە بەفیڕۆدانە و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە تێکدەدات. ماکرۆن لە کۆتایی لووتکەکەدا گوتی: "دڵنیا نیم ئەمە ئەورووپای ئێمە بێت. نازانم ئایا ئەمانە ئەو پرەنسیپە بنەڕەتییانەن کە ئەورووپای ئێمەیان لەسەر بونیاد نراوە؟"
سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە ئەم هەنگاوە بێسوودە و گوتی: "تاوەکو ئێستا کەسم نەبینیوە بتوانێ ئەمە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات."
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتاڵیا ناوەندی لە ئەلبانیا دروستکردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی. سەرۆکی فەرەنسا گوتی فەرەنسا رێگە نادات کۆچبەران بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دوور.
ماکرۆن بە گاڵتەجاڕییەوە باسی لە دەستەواژەی "چارەسەری داهێنەرانە" کرد کە لایەنگرانی پڕۆژەکە بەکاری دەهێنن و گوتی: "من لایەنگری داهێنانم، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر 'داهێنان لە بەهاکان و مافی مرۆڤ'، رێگەم بدەن گومانم هەبێت."
لای خۆیەوە، پێدرۆ سانچێز پڕۆژەکەی بە "سەراب" ناوبرد و گوتی: "ئەمە تەنیا بەفیڕۆدانی سەرچاوە ئابوورییەکانە، لە کاتێکدا ئەورووپا پارەی زۆری نییە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پەیامێکی هەڵەیە بۆ وڵاتانی ئەفریقا کە دەبێت هاوکارییان بکەین نەک ناوەندی دیپۆرتکردنەوەیان تێدا دروست بکەین. ماکرۆنیش پاڵپشتیی ئەم قسەیەی کرد و گوتی: "چۆن دەمانەوێ متمانەی خۆمان لە ئەفریقا بپارێزین، کاتێک پێیان دەڵێین وەبەرهێنانەکانمان بۆ دروستکردنی ناوەندی ناردنەوەی کۆچبەرانە لە کیشوەرەکەتان؟ ئێمە لە چ جیهانێکدا دەژین؟"
چارەنووسی منداڵ و مێرمنداڵان
یەکێک لە خاڵە هەرە جێگەی نیگەرانییەکان چارەنووسی منداڵ و مێرمنداڵانە. هەرچەندە بەپێی یاسا نوێیەکان، منداڵانی بێسەرپەرشت رەوانەی ئەو ناوەندانە ناکرێن، بەڵام ئەو منداڵانەی لەگەڵ خێزانەکانیاندان، ئەگەری ناردنیان هەیە.
نیکۆلاس ئایۆنیدیس، جێگری وەزیری کۆچی قوبرس دەڵێ، تەنیا دوای رەچاوکردنی "بەرژەوەندیی باڵای منداڵ" بڕیار لەسەر ناردنی خێزانەکان دەدرێ.
لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەورووپادا ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی فەرمانی دەرکردنیان بۆ دەردەچێت و ناگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، دەگاتە 27٪.
لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە دەڵێن، ناوەندەکانی گەڕانەوە، کە وەک وێستگەی کۆتایی یان سەنتەری گواستنەوە بۆ دەرکراوەکان کاردەکەن، دەبنەهۆی ئاسانکردنی پڕۆسەی ناردنەوەی کۆچبەران و وەک رێگرییەکیش لەو کەسانە کاردەکەن کە دەیانەوێ بە نایاسایی روو لە ئەورووپا بکەن.
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە رەنگە کۆچبەران بێ چاودێرییەکی ئەوتۆ، لە دۆخێکی نادیاردا لەو ناوەندانەدا بمێننەوە.
ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە، بەریتانیا دەستبەرداری پڕۆژەی ناردنی کۆچبەران بووە بۆ رواندا، هەروەها ئەو دامەزراوانەیشی کە ئیتاڵیا لە نێو خاکی ئەلبانیا بۆ راییکردنی کاروباری کۆچبەران بەڕێوەیان دەبات، رووبەڕووی ئاڵنگاری یاسایی و سستیی لە وەرگرتنی پەناخوازان بوونەتەوە.
کۆچی نایاسایی بۆ یەکێتیی ئەورووپا دابەزیوە
ئاژانسی پاسەوانیی سنوور و کەناراوەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) دەڵێ، تێپەڕینی نایاسایی بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەپێی ئامارە نوێیەکانی فرۆنتێکس، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا نزیکەی 39 هەزار چوونی نایاسایی بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا تۆمارکراوە. ئەم ژمارەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، بە رێژەی 40% کەمی کردووە.
ئەم دابەزینە بەرچاوەی کۆچبەران لە کاتێکدایە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رێکارە ئەمنییەکانیان لە سنوورەکان تووندتر کردووە و باس لە جێبەجێکردنی چەندین یاسای نوێ دەکەن بۆ سنووردارکردنی لێشاوی کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان پێنادرێت.
