رووداو دیجیتاڵ لەکاتێکدا بەشێکی حکومەتەکانی جیهان هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەک دەدەن بۆ زیادکردنەوەی رێژەی منداڵبوون، لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارێکی سەرەکییان پشتگوێ خستووە، ئەویش مۆبایلە زیرەکەکانە. نووسینگەی نیشتمانیی لێکۆڵینەوەی ئابووریی ئەمریکا راپۆرتێکی بە ناوی "ئایا ئایفۆن هۆکاری رێگری لە منداڵبوونە؟" بڵاوکردەوە. لێکۆڵینەوەکە باس لەوە دەکات کە لەوەتەی ساڵی 2007 و دەرکەوتنی یەکەم ئایفۆن، رێژەی منداڵبوون لە ئەمریکا 22% دابەزیووە. پێشتر پسپۆڕان وایان دەزانی ئەم دابەزینە پەیوەندی بە قەیرانی دارایی 2008ەوە هەیە، بەڵام دوای بوژانەوەی ئابووریش، رێژەی منداڵبوون هەر بە نزمی مایەوە. کایتلین مایەرز، ئابووریناس لە کۆلێژی میدڵبێری، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ناوچانەی ئەمریکا کردووە کە زووتر هێڵی ئینتەرنێتی ئایفۆنیان پێ گەیشتووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دەستگەیشتن بەم تەکنەلۆژیایە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی منداڵبوون 4.5% تاوەکو 8% لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 19 ساڵیدا. گۆڕانی رەفتاری مرۆڤ و 'شۆکی تەکنەلۆژیا' لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن، مۆبایلە زیرەکەکان شێوازی رەفتاری خەڵکیان گۆڕیووە؛ کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیان بە شێوەی رووبەڕوو و چالاکییە سێکسسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە. لە بەرامبەردا، بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ناوەڕۆکە کات بەسەربردنەکان وەک جێگرەوەیەک بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنراون. لێکۆڵینەوەیەکی دیکە کە لە زانکۆی سینسیناتی ئەنجامدراوە، پەرەی بەم بابەتە داوە و داتاکانی بانکی جیهانیی لە 128 وڵات تاقی کردووەتەوە. ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە ئەمە "شۆکێکی تەکنەلۆژیی جیهانییە" و لە هەموو ئەو وڵاتانەی مۆبایلی زیرەک تێیاندا بڵاوبووەتەوە، رێژەی منداڵبوون بە خێرایی دابەزیوە، بێ گوێدانە جیاوازیی کولتووری یان ئابووری. کاریگەرییەکان لەسەر ئابووریی جیهان دابەزینی رێژەی منداڵبوون گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و بووەتە هۆی پیربوونی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی هێزی کار، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر گەشەی ئابووری. وڵاتانی وەک چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور، سەرەڕای وەبەرهێنانی ملیاران دۆلار بۆ هاندانی خەڵک بۆ منداڵبوون، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیووە رێگری لە دابەزینی رێژەی دانیشتووان بکەن. تەنانەت وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی وەک بەرازیل و هیندستانیش ئێستا رووبەڕووی هەمان ئاڵەنگاری بوونەتەوە. ئەم راپۆرتە نوێیانە هۆشداری دەدەنە حکومەتەکان کە پێویستە لە کاتی داڕشتنی سیاسەتەکانی دانیشتووان، رەچاوی کاریگەرییە قووڵەکانی تەکنەلۆژیا و مۆبایلە زیرەکەکان بکەن، کە بە شێوەیەکی بێدەنگ خەریکە دیمۆگرافیای جیهان دەگۆڕن.