رووداو-تەندروستی
کۆمپانیای تارگێت (Target) لە ئەمریکا، بەشێوەیەکی خۆبەخشانە هەندێک لە کلێنکسی تەڕی منداڵانی مارکەی "Up & Up"ی خۆی لە بازاڕەکاندا دەکشێنێتەوە، بەهۆی ئەگەری پیسبوونی بە بەکتریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی تارگێت کە لەلایەن دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) بڵاوکراوەتەوە، ئەو کلێنکسانەی کێشراونەتەوە بریتین لە "Up & Up Fragrance Free Baby Wipes" (بێ بۆن) و "Up & Up Fresh Cucumber Scented Baby Wipes" (بە بۆنی خەیار) لە قەبارە جیاوازەکاندا.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە سکاڵای لە کڕیارانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە گۆڕانی رەنگی کلێنکسەکان، دوای پشکنین لەلایەن FDA دەرکەوتووە هەندێک نموونە بەکتریای "Burkholderia cepacia complex" و "Burkholderia gladioli" تێدایە، کە بەکتریاگەلێکی سروشتین و دەتوانن ببنە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤدا و مەترسیی زیاتریان بۆ منداڵان هەیە.
کۆمپانیای تارگێت لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم بەرهەمانە زۆرتر بۆ منداڵانی ساوا، شیرەخۆرەکان و منداڵانی بچووک بەکاردەهێنرێن، کە بەتایبەتی بەهۆی تەواو پێنگەیشتنی سیستمی بەرگرییان، لاوازن بەرامبەر بە هەوکردن."
هەروەها کۆمپانیایەکە هۆشداریی داوە کە لە کەسانی تەندروستدا، بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە لەسەر پێستی بریندار لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی شوێنی، بەڵام لە کەسانی بەرگری لاواز، تازەبووان و منداڵاندا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە بۆ ناو خوێن زیاترە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی سێپسس (sepsis) یان هەوکردنی سییەکان کە مەترسییان لەسەر ژیان هەیە.
