رووداو-تەندروستی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات کە خەوی تەندروست و وەرزشی رێکخراو دەتوانن کاریگەریی ئەو گۆڕانە بۆماوەییانە لە خڕۆکە سپییەکانی خوێندا کەمبکەنەوە کە پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە. توێژینەوەکە لە زانکۆی ماونت سینای لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوتووە کە خەوی پێویست و وەرزشکردن دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەکان و مەترسیی رەقبوونی خوێنبەرەکان کە بەهۆی ئەو گۆڕانانەوە دروست دەبن. بەگوێرەی زانکۆ ئەمریکییەکە کە چالاکیی جەستەیی مامناوەند بۆ توند، پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی خانە گۆڕاوەکان لە خوێندا هەیە، خەوی پێویست و وەرزش کاریگەرییە زیانبەخشەکانی گۆڕانکارییەکانی Jak2 و Tet2 لە خانە بنەڕەتییەکانی خوێندا "ناچالاک" دەکەن و توانای زیادبوونیان کەمدەکەنەوە. د. کامیرۆن مەکئالپاین سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ماونت سینای دەڵێت: "بۆمان دەرکەوت کە شێوازی ژیانی تەندروست دەتوانێت زیادبوونی خانە گۆڕاوەکان و دەرئەنجامە خراپەکانیان بۆ رەقبوونی خوێنبەرەکان کەمبکاتەوە، بەجۆرێک کە خانە گۆڕاوەکان وەک خانە تەندروست و ئاساییەکان رەفتار بکەن."