رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی کۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانکا بڕیاری ئازادکردن و ناردنەوەی ئەو سێ گەنجەی دەرکرد کە لە 8ـی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەی شارەکە راگیرابوون.
ئەمڕۆ هەینی ئەحمەد جەلال، کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت، "دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لەگەڵ حکومەتی سریلانکا، توانرا بڕیاری ئازادکردن بۆ ئەو سێ کەسە بەدەستبهێنین کە لە کۆڵۆمبۆ دەستبەسەرکرابوون."
ئەو سێ هاونیشتمانییە بەنیازبوون لە رێگەی فڕۆکەخانەی کۆڵۆمبۆوە خۆیان بگەیێننە ئەورووپا. دوای ئەوەی قاچاخچییەک لە رێگەی تیکتۆکەوە فریوی دان و بە پاسپۆرتی ساختەوە گەیشتنە سریلانکا، لە شاری کۆڵۆمبۆی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستبەسەرکران.
ئەحمەد جەلال گوتی: "دادگە بڕیاری سزای پێبژاردنی بە 160 دۆلار بۆ هەریەکەیان و دیپۆرتکردنەوەیانی دا. هەر سێکیان دووشەممە پشکنین دەکەن و دوای دەرچوونی ئەنجامەکە، دەگەڕێنەوە."
کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی حکومەتی سریلانکا و باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە کرد و گوتی، "هاریکاری ئەوان نەبووایە، هەرسێکیان سزای زیندانیی 6 تاوەکو 8 مانگیان بەسەردا دەسەپێندرا."
لەبارەی ئەو پشکنینەیەوە ئەحمەد جەلال باسی کرد، ئاری تۆفیق، یەکێک لەو سێ هاونیشتمانییە، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "پشکنینی ڤایرۆسییە و دەبێت بکرێ، بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا ئێمە ڤایرۆسی گوێزراوەمان هەیە یان نا. دوای دەرچوونی ئەنجامەکە، دەگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان."
دوو لە هاونیشتمانییە ئازادکراوەکانی کۆڵۆمبۆ خەڵکی سلێمانی و پیرەمەگروونن. هاونیشتمانییەکەی دیکە خەڵکی هەولێرە.
ئاری تۆفیق، رۆژی دووشەممە 15-06-2026 لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "بۆ گەیشتن بە لەندەن، لەگەڵ قاچاخچییەکە بە 210 وەرەقە رێککەوتم و لە ئیمارات پاسپۆرتی عێراقییەکەیان لێ وەرگرتین و نەمانزانی پاسپۆرتی ساختەی ئیماراتمان پێدەدەن."
رۆژی 3ـی حوزەیران، ئاری و دوو هاوڕێی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بەرەو ئیمارات بەڕێکەوتن بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا. لە 8ـی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەی کۆڵۆمبۆ لە کاتی پشکنینی پاسپۆرتەکانیان دەستبەسەرکران.
