رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی وەک راوێژکاری نوێی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ژنان دەستنیشانکرا. بڕیارەکە لە چوارچێوەی رێکخستنەوە و تەواوکردنی تیمی راوێژکاریی حکومەتدایە.
ئاڵا تاڵەبانی، رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە فەرمی وەکو راوێژکاری کاروباری ژنان لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستنیشانکراوم و ئەمڕۆ نووسراوی دەستنیشانکردنەکەم واژۆی لەسەر کرا."
ئاڵا تاڵەبانی راشیگەیاند، "بڕیاری دامەزراندنەکەم بەشێکە لەو رێکارە تایبەتانەی بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی تیمی راوێژکاری گیراونەتەبەر."
ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری عەلی فالح زەیدی، ئەرکی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە کاروباری ژنان، بەهێزکردنی پێگەیان، لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە خێزان و مافە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە ئەستۆ.
ئاڵا تاڵەبانی، ساڵی 1966 لە کەرکووک لە دایکبووە، ساڵی 1986 پەیمانگای تەکنیکی لە کەرکووک تەواو کردووە، ئەم ساڵ بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستێهێناوە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە. هەروەها پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بووە.
