رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان تایبەت بە گومرگ و سیستمی ئەسیکودا، لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی کە لە نێوانیاندا هەبوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستان.
لێکتێگەیشتنەکە رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، لە بەغدا واژۆ کرا، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هەندێک رێکاری ماوە و کاتی دەوێت، گرنگترین خاڵ ئەوەیە بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە دۆلار بگات بە نرخی بانکی ناوەندی."
تاوەکو ئێستا سیستمی ئەسیکودا لە عێراق جێبەجێ کراوە و بەگوێرەی کارەکانی حکومەتی فیدراڵی، بۆ دەستکەوتنی دۆلاری بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی، دەبوو بازرگانان گومرگی پێشوەختە لە رێگەی سیستمەکەوە بدەنە حکومەتى فیدراڵى تاوەکو رێگەیان پێبدرێت دۆلاریان بە نرخی فەرمی بۆ هاوردەکردنی کاڵا پێبدرێت، بەمەش بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەو دۆلارە بێبەش دەبوون.
شوکرى جەمیل، سەرۆکى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیى دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو لێکتێگەیشتنەی واژۆ کراوە لە 16 خاڵ پێکدێت.
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، دەسەڵاتی تەواو بە هەرێمی کوردستان دەدرێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە سیستمی ئەسیکودا و زمانی کوردی بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و پێناسی گومرگی لەنێوان هەردوولادا یەکدەخرێت و لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەو دەروازانەی هەرێمى کوردستان کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەناسێنراون.
سەرۆکى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیى دهۆک رایگەیاند: لێکتێگەیشتنەکە، دەبێ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابوورییەوە پەسند بکرێت ئەوسا کاری پێدەکرێ.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری پرسی لێخۆشبوونی گومرگ و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی یەکلا بکرێتەوە و پشت بە پشکنینی کوالێتی جۆری هەردوو لا ببەسترێت بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە کۆنووسی هاوبەشی نێوان شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە پەیوەندیدارن بە رێکارەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکودا لە خاڵە گومرگییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان؛ کۆنووسەکە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بۆ ئەوەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی تەواو بکرێن.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند کە یەکخستنی سیستم و رێکارە گومرگییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەنگاوێکی ستراتیژییە لە رێڕەوی چاکسازیی ئابووری و کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادکردنی داهاتی نانەوتی.
