رووداو دیجیتاڵ
ڤۆزینیای گۆڵپارێزی کابۆ ڤێردێ هاندەرێکی تایبەتی لەسەر کورسییەکانی یاریگا دەبێت کاتێک تیپەکەی رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی ئۆرۆگوای دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دایکی ڤیزای گەشتکردنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێدرا بۆ ئامادەبوون لە مۆندیال.
ئەم گۆڵپارێزە تەمەن 40 ساڵە، کە یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی کابۆ ڤێردێ لە یاری یەکەمیاندا کە تێیدا لەگەڵ ئیسپانیا یەکسان بوون، دوای ئەوەی وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، ئاشکرای کرد کە دایکی نەیتوانیوە ئامادەی پاڵەوانێتییەکە بێت بەهۆی تێچووی زۆری وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا.
کابۆ ڤێردێ یەکێکە لەو کەمە وڵاتانەی کە هاووڵاتییەکانیان رووبەڕووی مەرجی توندی زیادە دەبنەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا، لەوانەش دانانی بڕی 15 هەزار دۆلار وەک تأمینات کە دواتر دەگەڕێنرێتەوە.
بەڵام، لە مانگی ئایاردا ئەو هاندەرانەی بلیتی یارییەکانی مۆندیالیان پێبوو لەو مەرجە بەخشراون و ئێستاش بەرپرسانی ئەمریکا لەو تێچووە بۆ دایکی ڤۆزینا خۆش بوون.
هەروەها ڤۆزینیا دوای ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر ئیسپانیا، بووە جێی سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەجۆرێک ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی لە ئینستاگرام لە نزیکەی ٥٠ هەزارەوە بۆ زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە چەند رۆژی دوای یارییەکەدا بەرزبووەوە.
ڤۆزینیا، گۆڵپارێزی کابۆ ڤێردێ لەبارەی چوونی دایکی بۆ ئەمریکا بۆ ئامادەبوون لە یارییەکانی کوڕەکەیدا دەڵێت "بۆ من ئەمە زۆر گرنگە، چونکە خێزانەکەم لای من زۆر گرنگن. هەموو خێزانەکەم هەمیشە لە هەموو شتێکدا پشتیوانیم دەکەن، و هەبوونی دایکم لێرە بۆ من شتێکی تایبەتە. باوکم و براکەشم لێرەن، بۆیە زۆر دڵخۆشم. حەزم دەکرد بتوانم ئەندامی زیاتری خێزانەکەم بهێنم، وەک براکانم و خوشکەکانم و برازا و خوشکەزاکانم، بەڵام پێم وایە هەندێک جار ئەوە قورسە، بەڵام من زۆر دڵخۆشم بەمەی کە هەیە."
گۆڵپارێزەکە باس لە بەنێوبانگبوونی لە سۆشیاڵ میدیادا دەکات و دەڵێت "نامەوێت دەربارەی سەرقاڵبوون بە سۆشیاڵ میدیاوە قسە بکەم، ببورن. ئێمە لێرەین لەبەر تۆپی پێ. ئێمە لێرەین لەبەر هەڵبژاردەی نیشتمانی و لەبەر مۆندیال. من زۆر سوپاسگوزاری هەموو شتێکم، بەڵام تکایە با تەنیا دەربارەی تۆپی پێ قسە بکەین."
