رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هەڵوێستی خۆی بۆ بەشداری لە یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە دیاری کرد و جەختی کردەوە کە هێشتا لە قۆناخی وەرگرتنەوەی ئامادەیی تەواوی جەستەییدایە دوای ئەو پێکانەی لە کۆتایی وەرزی رابردوو لەگەڵ بارسێلۆنا تووشی بوو.
گرنگیی یارییەکە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە چوارچێوەی کۆمەڵەی هەشتەمدا ئەنجام بدرێت، بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیادیکردووە دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر کابۆ ڤێردی کێشەی بۆ دروستبوو، ئەمەش وایکرد یاریی داهاتوو ببێتە دەرفەتێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەهێزکردنی هەلی سەرکەوتن.
یامال لە گەڕی یەکەمدا لە 20 خولەکی کۆتاییدا وەک یاریزانی جێگرەوە هاتە ناو یاریگا، بەڵام نەیتوانی 'ماتادۆرەکان' لەو کێشەیە رزگار بکات.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئیسپانیا RTVE، یامال روونیکردەوە کە ئێستا خۆی بە ئامادە نابینێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکی تەواو، و گوتی "پێموانییە ئامادەبم بۆ یارییەکی تەواو. هێشتا زۆر زووە و پێویست بە پەلەکردن ناکات".
هەروەها گوتیشی "هێشتا لە قۆناخی خۆگونجاندندام، کاتێکی گونجاو نییە بۆ 90 خولەک یاریکردن، بەڵام دەتوانم لەو خولەکانەدا بەشداری بکەم کە راهێنەر بە گونجاوی دەبینێت".
یاریزانەکەی بارسێلۆنا باسی لە قۆناخی پێش مۆندیال کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێکانەکەی سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورە بووە بۆی "هەموو یاریزانێک لە قۆناخی کۆتایی وەرزدا کە تووشی پێکان دەبێت بیر لە جامی جیهانی دەکاتەوە، بێگومان بیر لە یانەکەشی دەکاتەوە، بەڵام مۆندیال هەر لە مێشکیدا دەمێنێتەوە. سوپاس بۆ خودا پزیشکەکان پێیانگوتم کە بەتەواوی ئامادە دەبم بۆ بەشداریکردن، وا ئێستاش لێرەم و زۆر دڵخۆشم".
"نیکۆ ویلیامز لە من باشترە"
یامال باسی لە نیکۆ ویلیامزی هاوڕێشی کرد و جەختی کردەوە کە ئەو لە بارودۆخێکی جەستەیی باشدایە. روونیکردەوە "نیکۆ ئێستا لەڕووی جەستەییەوە لەمن باشترە. پێویست بەپەلە ناکات، ئێمە هەڵبژاردەیەکی نایابمان هەیە کە یاریزانی ئاستبەرزی تێدایە، بۆیە دەبێت بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ شتەکان بکەین".
ناوبانگێکی زۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان
سەبارەت بەو ناوبانگە زۆرەی لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا لە ئەمریکا هەیەتی، یامال گوتی کە بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکات بێئەوەی کار بکاتە سەر هزری.
ئەو هەروەها رایگەیاند "بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە دەکەم، ئەمە شتێکی جیاواز نییە بۆ من. دەزانم پێگەی خۆم لەناو ئیسپانیا و دەرەوەش چۆنە. هەمیشە هەوڵ دەدەم باشترین ئاست پێشکەش بکەم، چونکە ئەوەیە کە خەڵک چاوەڕێم لێ دەکات".
لامین یامال لە کۆتاییدا گوتی "ئەگەر وێنەکەت لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی ئێرە هەبێت، ئەوە لەبەرئەوەیە کە دەتوانیت لەناو یاریگادا شتێک پێشکەش بکەیت کە هاندەران بەدڵیان بێت و چێژ لە بینینی یارییەکەت وەربگرن".

