رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و پاراگوای دەیانەوێت قەرەبووی دۆڕانیان لە گەڕی یەکەمدا بکەنەوە و هاندەرانیان ئاشتبکەنەوە، بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو لەدەست نەچێت.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کاژێر 06:00ـی بەرەبەیان لە دووەم یاریی گەڕی دووەمدا لە کۆمەڵەی چوارەم هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگای لیڤیاس لە سانتا کلارا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
تورکیا لە یاریی یەکەمیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئوسترالیا دۆڕاوە، دۆڕان لەم یارییەدا هەلی ئەوان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زۆر لاواز دەکات، بۆیە ئاردا گولەر و تیپەکەی مۆنتێلا پێویستییەکی زۆریان بە سێ خاڵی ئەم یارییە هەیە.
هەڵبژاردەی پاراگوای لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە مۆندیالدا چوار گۆڵی لەلایەن ئەمریکاوە لێکرا و تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو، ئەوانیش جگە لە بردنەوە بژاردەیەکی دیکەیان نییە.
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئەمریکا، راهێنەری پاراگوای گوتی ئەوە سەرەتایەکی خراپە بۆ وڵاتێک کە دوای 16 ساڵ گەیشتووەتە مۆندیال، بۆیە پێویستە باشتربین.
تورکیا و پاراگوای تەنیا یەکجار لە یارییەکی دۆستانەدا لە 1995 بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە و بە یەکسانبوون تەواو بووە، ئەمە یەکەم یاریی فەرمییە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە.

