رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووەم یاریی لە رکابەرییەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و ئەستێرە کوردەکەش بە ئەگەری زۆرەوە بە سەرەکی یاریی دەکات.
ئەڵمانیا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا، کاژێر 23:00 بەرامبەر کۆتدیڤوار یاریی دەکات، پێش یارییەکە مانشافت لە وینستن سالم لە نۆرس کارۆلینا دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە.
لە یاریی یەکەمیدا، ئەڵمانیا بە 7 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر کوراساو بەدەستهێنا و ئەوە تاوەکو ئێستا گەورەترین بردنەوەیە لەم مۆندیالەدا تۆمارکرابێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریی یەکەمیاندا پێشکێشیکرد، یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بە دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەکەی گوتووە، ئەمڕۆ بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.
ئونداڤ لە یاریی یەکەمدا گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دروستکرد، ئەوە ناوی ئەو یاریزانەی گەیاندە هەموو جیهان و ئێستا یەکێک لە خۆشەویستترین ئەستێرەی ئەڵمانیایە.
ئەمە یەکەم یاریی فەرمی ئەڵمانیایە بەرامبەر کۆتدیڤوار، پێشتر لە 2009 یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامداوە و بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
کۆتدیڤوار دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە تۆرنتۆی کەنەدا بۆ دووەم یاریی لە مۆندیالدا ئەنجامدا و ئامادەیە بۆ رووبەڕبووونەوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
کۆتدیڤوار لە یاریی یەکەمدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بە گۆڵێکی ئاماد دیالۆ سەرکەوتنی بەرامبەر ئیکوادۆر بەدەستهێنا و ئەوە متمانەی لە تیپەکەدا زۆر زیاتر کرد، ئەمجارە دەیەوێت بەرامبەر ئەڵمانیا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال نزیک ببێتەوە.
فیلەکانی کۆتدیڤوار ئەگەر لە ئەڵمانیا ببەنەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا دەگەنە قۆناخی دووەمی مۆندیال، لەکاتێکدا هەڵبژاردەکە چوارەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و هەرگیز نەگەیشتووەتە قۆناخی دووەم.
