رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو دوا کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی گەڕانەوە، بەوەش پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجیان بە تەواوی کۆتاییهات.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند: "ئەمشەو، بەپێی ئەو خشتە و کاتەی بۆمان داڕێژرابوو، دوا کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی گەڕانەوە و ئێستا هیچ حاجییەکی کوردستان لە سعودیە نەماوە."
کاروان ستوونی گوتی دوایین کاروانی حاجیان کە ژمارەیان 150 حاجی بوو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی بە سەلامەتی گەڕناەوە
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بە "سەرکەوتوویی" بەڕێوەچوو.
ئەمساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە. جگە لە دوو حاجی کە یەکێکیان لە مەککە و ئەوەی دیکەشیان لە مەدینە کۆچی دواییکرد، سەرجەم حاجیان بە سەلامەتی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
