رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پاراستنی دارستان و پاوانەکانی چیای گۆیژە و ئەزمڕ کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر راگەیاند؛ بەپێی بڕیارەکان ئاگرکردنەوە و نێرگەلەکێشان قەدەخەیە و دوای کاژێر 12:00ی شەویش رێگە بە مانەوەی کەس نادرێت.
فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت، رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، لەپێناو پاراستنی دارستانەکان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریانداوە رێکاری تووند بگرنەبەر. گوتیشی: "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هاونیشتمانییان و گەشتیاران لەسەر چیای گۆیژە و ئەزمڕ ئاگر بکەنەوە، یان یاریی ئاگرین و نێرگەلە بەکاربهێنن."
سەبارەت بەو کەسانەی ئارەزووی خواردن یان کێشانی نێرگەلەیان هەیە، قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانن تەنیا سەردانی ئەو کۆشکە رێگەپێدراوانە بکەن کە لەوێ هەن.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان تایبەتە بە کاتی مانەوەی گەشتیاران لەسەر چیاکە، فازڵ عومەر گوتی: "تەنیا تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو رێگە دەدرێت گەشتیاران و هاونیشتمانییان لەسەر چیاکان بمێننەوە، دوای ئەو کاتە رێگە بە مانەوەی کەس نادرێت."
بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام لەسەر چیاکە دەبن، قائیمقامی سلێمانی هۆشداریش دەدات کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی دیکەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاگر، فازڵ عومەر باسی لەوە کرد ئەو کۆمپانیایانەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی سەوزکردنی گۆیژەن، ئاگربڕی پێویستیان دروستکردووە و رێکارەکان بۆ پاراستنی دارستانەکان جێبەجێ کراون.
