رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری رەشید بۆ گەشەپێدان، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و رایدەگەیێنێت، کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز ساتێکی یەکجار بە ئازارە بۆ جیهانی میدیا و رۆژنامەڤانی.
لە پەیامێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو کراوە، سەنتەری رەشید بۆ گەشەپێدان (Al-Rasheed Center for Development) خەمباریی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا دەربڕیوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "ئەم لەدەستدانە گوزارشت لە ساتێکی یەکجار بەئازار دەکات بۆ کۆمەڵگەی میدیایی و رۆژنامەڤانی. ئەو رۆژنامەڤانە کۆچکردووە بە پیشەییبوون، دڵسۆزی و کارە بەنرخەکانی بۆ پیشەکەی دەناسرایەوە."
سەنتەری رەشید ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵکەوت عەزیز "میراتێکی بەردەوام لە دوای خۆی بۆ هاوپیشە، هاوڕێ و هەموو ئەو کەسانە بەجێدەهێڵێت کە شانازیی ناسین و کارکردنیان لەگەڵیدا هەبووە، کارەکانی هەمیشە بە رێز و پێزانینەوە لە یاد دەمێننەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەنتەرەکە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و دۆستانی هەڵکەوت عەزیز دەکات و هیوای دڵنەوایی و سەبوورییان بۆ دەخوازێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان بەغدا و بەسرە گیانی لەدەستدا و رۆژی سێشەممە تەرمەکەی لە شاری کەرکووک بە خاک سپێردرا.
